Mazın Asad
20 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2016
تەرمی باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە ئاندرێی کارلۆڤ بە رێوڕەسمێکی فەرمی لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە بۆ مۆسکۆ ماڵئاوای لێکرا.
لە رێوڕەسمەکەدا بەناوی حکوومەتی تورکیا، ھەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیران توغرول تورکەش، وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیڵو و بەناوی وەزارەتی دەرەوە جێگری وەزیر ئەحمەد یڵدز بەشدار بوو.
ھاوکات ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی وڵاتان بەشدار بوون. خێزانی کارلۆڤ و باڵیۆزانی زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەتیش ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد.
تەرمی کارلۆڤ بە ئاڵای رووسیا داپۆشرا و ھاوسەکەی مارینا کارلۆڤ بە فرمێسکەوە باوەشی بە تابوتەکەیەوە نا.
دواتر تەرمی کارلۆڤ بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێکرا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو لەوبارەیەوە رایگەیاند ئەگەر دەرفەت ھەبێت لە رووسیا پێشوازی لە تەرمی کارلۆڤ دەکات و بەشدار دەبێت لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشی.