سلێمانی
تونێلی پێشڕەو لەباکووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ بەستنەوەی ناوچەی شارباژێڕ بەسلێمانییەوە، ئێستا فەرمانگەی رێگاوبان بەمەبەستی چاککردن کاری تێدا دەکات و بەڕووی ھاتوچۆکەراندا داخراوە. ئەوەیش بووە ھۆی ناڕەزایی ئەو مامۆستایانەی لەسلێمانییەوە رۆژانە دەچنە دەوام لە ناوچەکە.
مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم تونێلە داخراوەکە خۆپیشاندانیانکردو نەچوونە سەر کارەکانیان.
نەوشیروان محەمەد، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ AA گوتی: "زیاتر لە ھەزار مامۆستا لە١٥٠ خوێندنگەی ناوچەکانی شارباژێر دەوام دەکەین و ڕۆژانە لەشاری سلێمانییەوە ھاتوچۆ دەکەین، داخستنی تونێلەکە ئاستەنگی بۆ ھاتوچۆی ئێمە دروستکردووەو ژیانی خستوویەنەتە مەترسییەوە."
مامۆستایان داوایانکرد بەزوویی چارەسەری کێشەکەیان بۆ بکرێت و کارکردن لەپرۆژەکە بۆکاتێکی دیکە دوابخەن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕێگاوبانی سلێمانی توانا کەمال، سەردانی مامۆستایانی ناڕازی کردو قسەی لەگەڵدا کردن. توانا لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی"ئێستا سەرقاڵی ئەنجامدانی چەند کارێکی پێویستین لەناو تونێلەکەدا کە پێویستمان بە ٥٠ ڕۆژ دەبێ، ھەوڵ دەدەین لەکاتێکی زووتردا کارەکان تەوا بکەین و تونێلەکە بکەینەوە."
تونێلی پێشڕەو دەکەوێتە چیای ئەزمەڕ لەباکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی و درێژییەکەی ٢,٥ کیلۆمەترە.