Rewa Mahmood Hasan
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
بەمەبەستی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەسەرپەرشتی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، عومەر محەمەد ئەمین کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
دوای ئەوەی ماوەی سێ هەفتەیە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بەمەبەستی ناڕەزایەتییەتی دەربڕین لەهەمبەر نەدانی مووچەکانیان، مانگرتنیان لە پرۆسەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ راگەیاندبوو، ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی بڕیاری دا کە دەوامی فەرمی لە خوێندنگەکان ئاسایی بکرێتەوە و هەر مامۆستایەکیش پابەند نەبێت رێکاریی کارگێڕی لەبەرامبەری دەگیرێتە بەر.
ئەمرۆ لە شاری سلێمانی و بەسەرپەرشتی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، عومەر محەمەد ئەمین و ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی سنووری پارێزگاکە، کۆبوونەوەیەک لە پەروەردەی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە دەوامی فەرمی خوێندنگەکان ئاسایی بکرێتەوە و هەر خوێندنگە و مامۆستایەک سەرپێچی کرد رێکاریی کارگێڕی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.
دوای ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا بە کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١، لەهەمبەر نەدانی مووچەکانیان و وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سیستەمی نوێی خوێندن، مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان مانگرتنیان راگەیاند و رەتیان کردەوە دەست بکەنەوە بە دەوامی فەرمی تاوەکو داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکرێت.