Dlshad Saifaalddin Ahmed
31 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی رێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سكرتاریەتی رێكخراوەكە لە شاری سلێمانی ئامارەكەیان بڵاوكردەوە.
سكرتێری رێكخراوەكە، بورهان عەلی لە بارەی ئامارەكانی ساڵی 2017 ەوە رایگەیاند "بە پێی لیژنەی بەدواداچوون و تۆماركردنی كەیسەكان لە رێكخراوەكەمان لە ماوەی ئەمساڵی 2017 لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان بە شاری كەركووكیشەوە ، 614 كەیسی جۆراوجۆری سكاڵا و توندوتیژی تۆماركراوە، حاڵەتی خۆكوشتن یان خۆخنكاندن و سووتاندن 74 حاڵەت تۆمار كراوە، هەروەها حاڵەتی كوشتنی پیاوان لە لایەن ژنانەوە بە هاوكاری كەسانی تر پێنج حاڵەت تۆمار كراوە".
بە پێی ئامارەكە، جۆرەكانی سكاڵا و توندوتیژی بەم شێوەیە بووە:
ـ حاڵەتی دەركردنی پیاوی بە تەمەن 41 حاڵەت.
ـ خیانەتی هاوسەرگیری 61 حاڵەت.
ـ توندوتیژی جەستەیی 13 حاڵەت.
ـ دەستێوەردانی كەسوكار لە ژیانی هاوسەری 192 حاڵەت.
ـ فشاری دەروونی و سێكسی 45 حاڵەت.
ـ دەست بەسەرداگرتنی مووچە 11 حاڵەت.
ـ دەست بەسەرداگرتنی منداڵ یان بێبەشكردنی باوك لە بینینی 251 حاڵەت.
ئەندامێكی سكرتاریەتی رێكخراوەكە، حاكم عادل ساڵح لە كۆنگرەكەدا ئاماژەی كرد بەوەی ئامارەكانی خۆكوشتن یان خۆخنكاندن یان خۆدەرمان خواردوكردن و خۆسووتاندن زۆر دڵخۆشكەر نین و لە ماوەی ئەمساڵدا ئەو حاڵەتانە زیادیان كردووە.
بە پێی ئاماری رێكخراوەكە ئەو توندوتیژییانەی كە لە ساڵی 2017دا دژ بە پیاوان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون بە بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیان كردووە و لە ماوەی پارساڵدا، 583 حاڵەت و لە ساڵی 2015شدا، 526 حاڵەت بووە.
سكرتێری رێكخراوەكە ئاماژەی كرد بەوەی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە و قەیرانی سیاسیش كاریگەریان هەیە لەسەر زیادكردنی ئاماری توندوتیژییەكان، بەجۆرێك جگە لە قەیرانی دارایی تاكی كورد لەژێر كاریگەری قەیرانێكی سیاسی ناتەندروستدایە و ئەوەش فشاری دەروونی سیاسی لەسەر تاكی كورد دروست كردووە.