فەلوجە
لە درێژەی شەڕ و پێکادانی پارێزگای ئەنبار، چەکدارانی ئەلقاعیدە بە ھاوبەشیی لەگەڵ چەکدارانی عەشایر، ئەمڕۆ چوار شەممە شاری فەلوجەیان داگیر کرد.
چەکدارانی ئەلقاعیدە لە مزگەوتەکانەوە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بە یەکجاریی شاری فەلوجەیان کۆنترۆڵکردووە و شارەکە بە گشتی لە ژێر دەستی ئەواندایە، ھەر لەو بانگەوازەدا ئەلقاعیدە داوای لە پۆلیس و ئاسایش کرد واز لە حکومەت بێنن و بچنە نێو ئەوانەوە.
چەکدارانی ئەلقاعیدە ھەر لە رێی مزگەوتەکانەوە رایگەیاند: زۆربەی شوێن و دامودەزگاکانی حکومەتیان کۆنترۆڵ کردووە.
باڵەخانەی قایمقامێت، ئەنجومەنی شارەوانی، ناوەندی ئیستیخبارات و ھەموو دەزگاکانی دیکە لە لایەن چەکدارانەوە داگیر کراون و کۆنترۆڵی ھەموو مزگەوتەکانی شاری فەلوجە لە دەستی چەکدارانی ئەلقاعیدە دایە.
ئەلقاعیدە هەروەها لێبووردنی گشتی دەرکردووە و داوای لە پۆلیس و ئاسایش کردووە چەکەکانیان رادەستی چەکدارانی ئەلقاعیدە بکەن، بێجگە لەوە بەندکراوانی نێو بەندیخانەکان لە لایەن چەکدارانی قاعیدەوە ئازاد کران.
گەواهیدەران دەڵێن دانیشتوانی شاری فەلوجە لە ترسی ئۆپەراسیۆنی گەورە لە لایەن سوپای عێراقەوە، بەرەو باکوور و رۆژئاوای شارەکە هەڵاتوون.