Hemin Hüseyin
07 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێر رایگەیاند کە لە ساڵی رابردوودا، نزیکەی دوو ھەزار حاڵەتی سووتانیان تۆمارکردووە کە هۆکاری ٧٤ حاڵەت جگەرەکێشان بووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێر ئاماری رووداوەکانی ساڵی رابردووی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە لە ساڵی رابردوودا، هەزار و ٧٦٨ حاڵەت تۆمارکراون و گلەییش لە هاووڵاتییان دەکات کە لەکاتی پێویستدا هاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناکەن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی ھەولێر، بێوار زەید لەبارەی ئامارەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ساڵی رابردوو گوتی: "لە ساڵی رابردوودا، ١٢ خولی رۆشنبیری کراونەتەوە کە هەزار و ٢٩١ کارمەندی ئاگرکوژێنەوە تیایدا سوودمەند بوون و ٦١١ بەڵێننامە لە خاوەن پرۆژەکان وەرگیراونەتەوە و مۆڵەتی تازەش بە ٦٦١ پرۆژەی نوێ دراوە".
سەبارەت بە رووداوەکانیش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، بێوار زەید گوتی: "لە ساڵی رابردوو، هەزار و ٧٦٨ رووداو تۆمارکراوە کە لەو ژمارەیە، ٤٦ حاڵەتی مردن، ١٤٣ حاڵەتی برینداربوون، ٣١ حاڵەتی خنکان و ٣٣ حاڵەتی رزگارکردن هەبووە".
لەبارەی ھۆکاری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کە ماوەیەکە ئەم رووداوانە زیادیان کردووە، بەرگری شارستانی ھەولێر رایگەیاند کە ٧٣٤ حاڵەت بە ھۆی کارەبا بووە و، ١١٠ حاڵەتیش ھۆکاری غاز بووە و ٢٥٤ حاڵەتیش بە ھۆی کەمتەرخەمی بووە و، ٧٤ حاڵەتیش بە ھۆکاری جگەرەکێشانەوە بووە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ناوبراو رایگەیاند کە ١٤٩ ئۆتۆمبێلیان هەیە بۆ ئاگرکوژێنەوە، بەڵام گلەیی لە هاووڵاتییان و شوفێران کرد کە لەکاتی پێویست هاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناکەن و ئەمەش وادەکات تیمەکان درەنگتر بگەنە شوێنێ رووداوەکان.