Enes Duran
17 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2022
ئەنقەرە – AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دارستانەکان سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، ١٠ هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەی جۆری "Chinook" لە ئەمریکا دەکڕێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گەیشتوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دارستانەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاگرەی ئەگەری هەیە لە دارستانەکان بکەوێتەوە.
لەو میانەیەدا، چوار هێلیکۆپتەری جۆری "Boeing Chinook" کۆتایی هەفتەی رابردوو و سێ هێلیکۆپتەری دیکەیش ئەمڕۆ گەیشتنە تورکیا، سێ هێلیکۆپتەرەکەی دیکەیش بەمەبەستی رادەستکردن بەرەو تورکیا بەڕێ کەوتوون.
هێلیکۆپتەری "Boeing Chinook" هێلیکۆپتەرێکی دوو پەروانەیە و توانای هەڵگرتنی چەندین تۆن باری هەیە و بە هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە ناسراوە، هەروەها توانای ئەوەی هەیە کە لە شوێنی تەسکیشدا بە کارەکانی خۆی هەڵبستێت و بەوە لە هێلیکۆپتەرەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە کە خێراییەکەی زۆرە و توانای هەڵگرتنی ١٠ تۆن ئاوی هەیە و دەتوانێت لە سەختترین شوێنیشدا بە کارەکانی خۆی هەڵبستێت.