hajar rashid
03 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2016
دوای پشکنینی ناسنامەکان رێگە بەو ئاوارانە دەدرێ کە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی داعش لە حەویجە رادەکەن و لە ناوچە کوردستانییەکان و لە ژێر چاوەدێری پێشمەرگە نیشتەجێ دەکرێن.
ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە فەوجی دووی لیوای دووی ھێزەکانی پێشمەرگە لەبەرزاییەکانی مامە لە رۆژئاوای کەرکووک موقەدەم میکائیل عومەر بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند: "خەڵکی حەویجە ژیانێکی سەختیان لەژێر دەسەڵاتی داعش تێپەڕاندووە و هەنووکە ژیان قورسە لەو ناوچەیە بۆیە رادەکەن و پەنا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دێنن و ئێمەش ناسنامەکانیان لێ وەردەگرین و دوای لێکۆڵینەوە، بەتەواوی نێشتەجێیان دەکەین، چونکە پێشتر خەڵکی داعش لە رێگەی ئەوانەوە ویستویانە دزە بکەنە کەرکووکەوە بەڵام ئێمە لێرە دەستگیرمان کردوون".
یەکێک لە ئاوارەکان خەتاب حەمید بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی گوت: "ئێمە لە سنووری حەویجەوە ھاتووین بۆلای پێشمەرگە چونکە زانیاریمان وەرگرتبوو ھێزەکانی پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵ ئاوارەکان زۆرباشە ھەر ئەوەش ھۆکاربوو ھاتینە ئێرە، ئەوەتا ئێستا دەبینین ھاوکاریمان دەکەن بە خواردن و خواردنەوە بۆ ھەموومان بەبێ جیاوازی".
ئەو گوتی: "تیرۆریستانی داعش لە ھەموو ناوچەیەکی دەورووبەری ھێزەکانی پێشمەرگە بوونیان ھەیە بەڵام ئێمە بەنهێنی رامانکردووە و ئەگەر دەستگیریان بکردباین ئەوە سەرمانیان دەبڕی. داعشەکان تەنھا عەرەب و خەڵکی حەویجە نین بەڵکو خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق و بیانیشی تێدایە لەوانەش میسری و شیشانی و ئەورووپی تیدایە بەڵام زۆربەیان عێراقین".
ئەو ئاوارەیە دەڵێت: "ھەموو شتێک لە ژیر دەستی داعش قەدەغە کراوە و ژیان زۆر سەخت و ناخۆشە بۆیە ئەگەر ھەڵنەیەی ناتوانی بژی".
یەکێکی دیکەی لەو ئاوارانە کەپێشتر لە ھێزەکانی سەحوە بووە و ئێستا ھەڵھاتووە بە ناوی موھەند عومەر بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی گوت: "ئێمە لە گوندی خانەی سەر بە شارۆچکەی حەویجەوە ھەڵھاتووین داعش ئێستا نووسراوی نوێی ھێناوە بۆ تۆبەکردن کە دەبێت ھەر کەسێک بڕی ٨٠٠ دۆلار بدات. ئەو بڕیارە بۆ پۆلیس و سەرباز و سەحوەیە بۆیە من ھەڵھاتم لە دەستیان ھاتوومەتە سەنگەرەکانی پێشمەرگە".