Ramal Mahmood
30 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
دوای ئەوەی باڵندەی فلاینگۆ دەستیان بەکۆچکردووە بۆ ناوچەی ئەحوار لە رووباری دیجلە لە باشووری عێراق، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی راو دەکرێن.
فلامینگۆکان بەهۆی هاتنی وەرزی زستان بەرەو ناوچەی ئەحوار لە شارەکانی میسان، زیقار و بەسرە کۆچیان کردووە، بەڵام لەم ناوچانە لەلایەن خەڵکەوە تووشی راوکردن هاتوون.
وێڕای ئەوەی بەپێی یاسا ئەو کەسانەی فلاینگۆ راو دەکەن دەبێت بە زیندانیکردن سزا بدرێن، بەڵام فرۆشتنی بەشێکی فلامینگۆ راوکراوەکان و سەربڕینی بەشێکی دیکەیان، ناڕەزایی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ژمارەیەک چالاکوان بۆ پێشگرتن لەمە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بە ناوی "واز لە فلامینگۆکان بهێنن".
هاووڵاتیی شاری زیقار موحسین ئەلنەسیری بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە هۆکاری جۆراوجۆر هەن بۆ راوکردنی فلامینگۆ، گوتی: "ژمارەیەک لە راوچییەکان دەیانەوێت باڵندەیەکی دەگمەن بفرۆشن و ژمارەیەکیشیان چێژ لەوە دەبینین فلامینگۆ راوبکەن. راوچیان هەر فلامینگۆیەک بە ١٥ بۆ ٢٥ دۆلار دەفرۆشێت. ئەوەی جێی سەرسووڕمانە ژمارەیەک کەس بۆ خواردن راو دەکەن".
ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە پەرلەمانی عێراق عەلی سافی، ئاماژەی بەوە دا کە پەرلەمان سێ رۆژی دیکە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەم بابەتە دەکات، گوتی: "بیستوومانە کە بێبەزەییانە باڵندەی ناوازەی فلامینگۆ راو دەکرێت. ئێمە وەکو لیژنەکەمان لەو بارەیەوە راپۆرتی خۆمان بەرز دەکەینەوە و داوای سزادانی ئەو راوچیانە دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دوای سازدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە دا کە بەدوای ئەم بابەتەدا دەچێت.
ناوچەی ئەحوار لە ١٧ی تەمووزی رابردوودا لەمیانی کۆبوونەوەی ٤٠مینی لیژنەی میراتی جیهانی یونسکۆ کە لە ئیستانبوڵ ئەنجام درا، خرایە ناو لیستی میراتی جیهانی.