Feriq Fereç
30 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2016
ئەمساڵ لە شاری سلێمانی بەشێك لە فرۆشگا و دیوار و سەر شەقامەكان بە تابلۆ و بووكە شوشە و بابە نوئێل و درەختی كریسمس رازێنراونەتەوە و لە هەندێك شوێندا خەڵك سەرقاڵی رێكخستنی شوێنی ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقان.
لەو بارەیەوە عومەر عەبدوللـەتیف کە هەشت ساڵ لە بەغداوە هاتووەتە سلێمانی و فرۆشگایەكی كەلوپەلی بۆنەكانی دامەزراندوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "بازاڕی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاوازە، ئەمساڵ كڕیارەكانمان زیاتر داوای شتە هەرزانەكان دەكەن و زۆربەیان توانای كڕینی ئەو شتانەیان نییە كە ساڵانی رابردوو دەیان كڕی".
دڵنیا قادر قوتابی زانكۆیە و كڕیارێكی ئەو فرۆشگایەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "راستە ئێمە لە قەیراندا دەژین و كێشەی داراییمان هەیە و شەڕی داعش یەخەی هەرێمەكەمانی گرتووە لەبەر ئەو هۆیانە رەنگە گەورەكان وەك من و دایك و باوكم نەتوانین وەك پێویست ئەو یادە بكەینەوە بەڵام نابێت خوشك و برا بچووکەکانمان بێ هیوا بكەین و لەو خۆشییە بێبەشیان بكەین لەبەر ئەوە هاتووم دیاری سەری ساڵیان بۆ بكڕم".
ئارینا رزگار و ئارینا میران تەمەن 10 و 12 ساڵ كە دوو هاوڕێی یەكن لەگەڵ دایكیان لە مۆڵێكدا سەرقاڵی گرتنی وێنەی یادگاری بوون لەگەڵ درەختە رازێنراوەكان، گوتیان ئێمە هاتووین جلوبەرگمان كڕیووە بۆ ساڵی نوێ و هیواخوازین ساڵی داهاتوو ساڵێكی پڕ لە خۆشی و شادی بێت.