Rewa Mahmood Hasan
20 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2020
سلێمانی ـ AA
ساڵانە و لە دە شەوی كۆتایی مانگی رەمەزان بە تایبەت لە شەوی ٢٧ی رەمەزان ژمارەیەكی زۆری موسڵمانان لە مزگەوتەكان دەمێننەوە و تا كاتی پارشێو سەرقاڵی پەرستش و نوێژ و زیکرەکان دەبن.شەوی قەدر كە لە ئایینی ئیسلامدا پەرستشەكانی لە پەرستشی هەزار مانگ زیاترە، بەپێی زۆرینەی بۆچوونەكان ئەم شەوە دەكەوێتە شەوی ٢٧ی رەمەزانەوە.

شەوی قەدر كە تیایدا قورئانی پیرۆز دابەزیوە، بە شەوی كرانەوەی دەرگای ئاسمانەكان و قبوڵبوونی تەوبە دادەنرێت و تاكە شەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتبێت.

لەسەرتاسەری جیهاندا موسڵمانان گرنگیی زۆر بە پەرستشی شەوی قەدر دەدەن و مزگەوتەكان ئاوەدان دەكەنەوە تا بێبەش نەبن لە خێری ئەو شەوە. ئەمساڵ شەوی قەدر هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەو هۆیەوە رێکاری پێویست لە زۆربەی شوێنەکان گیراوەتەبەر و مسوڵمانانیش لە مزگەوتەکان ناچارن ئەو رێکارە تەندروستیانە بگرنە بەر، لەوانە دوورکەوتنەوە لەیەک لەکاتی ئەنجامدانی نوێژەکان، بەکارهێنانی بەرماڵی تایبەت لە کاتی سەردانیکردنی مزگەوتەکان و دەستنوێژ هەڵگرتن لە ماڵ و پێش چوونە مزگەوت.

لە شاری سلێمانی وەک نەریتی زۆربەی مسوڵمانانی جیهان زۆربەی مزگەوتەکان بەهۆی شەوی قەدرەوە پڕ بوون لە زیکرخوێنان و ئەوانەی بەدیار دابەزینی رەحمەتی یەزدانەوە رۆژ دەکەنەوە لەو شەوەدا.

مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی یەکێک لە مزگەوتەکانی شارەکە و بەشێکی زۆری مسوڵمانان بۆ شەوی قەدر لەو مزگەوتەدا مانەوە تاکو زیکری تایبەت بەو شەوە بکەن. دوای ئەنجامدانی سوننەتەکان هاوڵاتیان پارشێویان کرد و چوونەوە ماڵەکانیان.
لەم ساڵدا زۆرترین نزا بۆ رزگاربوونی مسوڵمانان لە پەتای جیهانی کۆرۆنا کرا.
