Rewa Mahmood Hasan
20 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2020
سلێمانی-AA
شەربەتی مێووژ یەکێکە لەو بەرهەمانەی هەر لە کۆنەوە لە رەمەزانانێکی گەرمدا، خوانی بەربانگیان پێرازاندۆتەوە، تینوویەتی دەشکێنێت و وزەیەکی باش دەدات بە مرۆڤ.
لە کۆندا مێووژی لادێکان کۆدەکرانەوە، بەتایبەت ئەو مێووژانەی لە ترێیەکی تەڕ و رەش دروست دەکرێن، زیاتر بۆ شەربەتی مێووژ دەست دەدات، دەهێنرانە نێو شار و لەوێ لەلایەن چەند کەسێکی کەمەوە، پاش کارکردن لەسەری دەکرانە شەربەتی مێووژ، لەسەر سفرەو خوانەکان بەکار دەهاتن.

لەئێستادا بەهەمان شێوەی جاران، بەبێ تێکەڵکردنی هیچ ماددەیەکی پارێزگاریکار شەربەتی مێووژ لە چەندین دووکان دروست دەکرێت و هاووڵاتییان دەیکڕن و خوانی بەربانگیانی پێ دەڕازێننەوە، چونکە یەکێکە لەو بەرهەمانەی وزەیەکی زۆر دەبەخشێت و تینوویەتیش دەشکێنێت.
محەمەد ئەمین سەعید کە پێشتر لە ساڵی ١٩٨٧ەوە باوکی سەرقاڵی دروستکردنی شەربەتی مێوژە لە سلێمانی-دا، ئێستاش خۆی سەرقاڵی پیشەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە مێووژی دۆڵی جافایەتی و بەتایبەت سەرگەڵو، یەکێکە لەو مێووژانەی بۆ دروستکردنی شەربەتی مێووژ دەست دەدەن، چونکە ترێی ئەو ناوچەیە رەش و شیرین و ئاودارن.
محەمەد ئەمین سەعید ئاماژە بەوە دەکات کە شەربەتی مێووژ و رەمەزان بوونەتە دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاو، ئەمە هەر لە کۆنەوە واهاتووە.

محەمەد ئەمین سەعید باس لە چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتەکە دەکات و دەڵێت "دوای ئەوەی کە مێووژەکە دەهێنین، دەیشۆینەوە و دواتر هەڵی دەخەین، دەیدەین لە قیمە، دواتر دیسان دەیخەینەوە ناو ئاو، پاشان دەیکەین بە تورەکەدا، ئاوەکەی دەگرین و ئەوە دەبێتە شەربەت".
وەستا محەمەد ئەمین سەعید باس لەوە دەکات بەهۆی ئەوەی کە هیچ ماددەیەکی پارێزگاریکاری تێ ناکەن، دەبێت بەرهەمەکانیان تەنها بەشی ئەو رۆژە دروست بکەن، بێ ئەوەی بمێنێتەوە و دەڵێت، ئێمە لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە کار دەکەین تاوەکو کاتژمێر پێنجی عەسر، ئەویش بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشتر لە رەمەزاناندا سێ هەزار لیترمان دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ کەمی کردووە، بەهۆی ئەو رێکارانەوە، بەرهەمەکانمان دابەزیوە بۆ نیوە".
ناوبراو باس لەوە دەکات کە ئەو رۆژە هەر چی بەرهەمێکیان هەبێت دەیفرۆشن، دەیخەنە بتڵێکەوە، هەر بتڵەی کە نزیکەی لیترێک دەبێت، بە هەزار دینار دەیفرۆشن.

یەکێکی تر لە وەستاکانی دروستکردنی شەربەتی مێووژ ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ساردی کەشوهەوا و ئەو رێکارانەی کە گیراونەتەبەر بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رەمەزانی ئەمساڵدا، فرۆشتنی شەربەتی مێووژ کەمی کردووە، چونکە رەمەزان کاتێک گەرم دەبێت، ئنجا زیاتر خواست لەسەر شەربەت و ئەو بەرهەمانە دەبێت کە فێنککەرەوەن.
وەستا رەفیق سەعید کە دەبە و کیسەیەک لە شەربەتی مێووژ بە هەزار دینار دەفرۆشێت، بەدەم فرۆشتنی بەرهەمەکانییەوە، ئاماژەی بەوە دەدات کە بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە دەبێت ژمارەی مۆبایل دابنێت کڕیارەکە، دواتر کە بەرهەمەکەی ئامادەبوو دێت دەیبات، چونکە نابێت قەرەباڵغی دروست بکەن.
وەستا رەفیق کە خۆی و شەش کەسی تر کار دەکەن لەو شەربەتخانەیەدا، ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای نوێژی بەیانییەوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە سەر کار تا نزیکی ئێوارە بۆ ئەوەی شەربەتەکان دروست بکەن.

کڕیارێکی شەربەت لە مانگی رەمەزاندا کە رۆژووانێکە و لەبەردەم دووکانەکەدا سەرەی گرتبوو، ناوی محەمەد ئەمینە، ئاماژە بەوە دەکات ئەوان بۆ خوانی بەربانگ شەربەتی مێووژ بەکاردەهێنن، یەکێکە لە خواردنەوە گرنگەکانی سەر سفرە و خوانی بەربانگیان و دەڵێت "شەربەت یەکێکە لەو خواردنەوانەی دەبێت لەسەر خوانی بەربانگماندا هەبێت، چونکە رۆژانە بەهۆی بەرۆژووبوونەوە شەکرەی لەشمان دادەبەزێت، بۆیە بەم شەربەتە دەیشکێنین، هەم گەرمای رۆژانەی رەمەزانمان فێنک دەکاتەوە و تینویەتیمان دەشکێنێت، دواتریش بەهۆی رێژەی شەکرەوە لە شەربەتەکەدا ئارامیەک بە لەشی ماندوو و برسیماندا دێتەوە".