Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کۆماری لە شاری سلێمانی چەند چالاکییەکی تایبەتیان بۆ بۆنەی جەژنی ھاڵۆوین سازکرد.
سەرپەرشتیاری چالاکییەکە، پاڤێڵ عەلی لەو بارەیەوە بە ئاژانسیی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەم چالاکییانەی ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی قەدیس ھاڵۆوینە، لەو رۆژەدا یادی مردووەکان و رۆحەکان دەکرێتەوە، ئێمە لەم رۆژەدا ھاتوین یادەکە دەکەینەوە و ئاھەنگی تەنەکوری دەکەین کە خوێندکاران و مامۆستایان جلی جۆراوجۆر لەبەردەکەن و خۆیان نمایش دەکەن".
ئەو گوتی: "لەم رۆژەدا کە یادەکە دەکەینەوە دەیان کولەکەی گەورەمان ھێناوە و بەنەخش و نیگار کولەکەکان ھەڵدەکۆڵین و مۆم دەکەینە ناو کولەکەکان و دەیانکەینە چرا، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ رۆحەکان".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ھەڵکۆڵین و نمایشکردنی کولەکەکان، دەفرۆشرێن و داھاتەکەی دەبەخشرێتە پڕۆژەیەکی مرۆیی.
شانیا فەرەیدون کە خوێندکاری قۆناغی یەکەمی زانکۆکەیە و یەکێکە لە بەشداربووانی چالاکییەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ساڵانە ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدەین و گرنگە و پێویستمان بەوەیە ئاشنابین بە کولتووری وڵاتانی تر".