Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2018
سلێمانی ـ AA
كۆژین رەئوف محەمەد كچێكی تەمەن 26 ساڵانی خەڵکی شاری سلێمانییە و شەوی رابردوو لە ماڵی سۆفی كەریم (یەكێكە لە خانووە كۆنەكانی گەڕەكی سابونەكەرانی شاری سلێمانی و وەك مۆزەخانە و خانوویەكی كەلەپووری نۆژەنكراوەتەوە، مێژووی دروستكردنی خانووەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1898 ی زاینی و رووبەرەكەی نزیكەی 500 مەترە) رێوڕەسمی خەنەبەندانی خۆی ئەنجامدا.
كچان و ژنانی كەسوكاری بووك و زاوا هەمووان بە جلی كوردی و بە كۆمەڵێك كەرەستە و كەلوپەلی كۆنی كوردەوارییەوە ، رێوڕەسمێكی كولتوورى تایبەتیان بۆ خەنەبەندانی كۆژین رێکخست.
كۆژین لە بارەی بڕیاری سازدانی رێوڕەسمی خەنەبەندان بەو شێوازە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "بڕیارەكە بڕیاری من و دەستگیرانەكەم بوو كە بە شێوازی كۆنی كوردەواری رێوڕەسمی خەنەبەندان ئەنجام بدەین و ماڵی سۆفی كەریم كە شوێنێكی شایستە بوو بۆ ئەو بۆنەیە هەڵبژێرین، بۆ من و هەموو كچێكی تر كە دەچێتە ژیانی هاوسەرێتییەوە ئەم رۆژەی بەلاوە گرنگە، بۆ منیش هەستێكی خۆش و لەهەمانكاتدا ناخۆشیش بوو، لەلایەک ناخۆشە كە خێزانەكەم جێدەهێڵم و دەچمە ناو خێزانێكی دیکە، لەلایەكی تریش هەستێكی خۆشە کە قۆناغێكی نوێ لە ژیانی خۆم دەست پێدەكەم".
ئەو گوتی: "ئەنجامدانی خەنەبەندان بەم شێوەیە گرنگ بوو بەلامانەوە، چونكە هەر نەتەوەیەك بە كولتووری خۆی دەناسرێت، پێویستە كاربكەین بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كولتووری كۆنی خۆمان و پاراستنی".
لە هەرێمی كوردستان زۆرجار گلەیی و ناڕەزایی هەیە لە زاڵبونی دابونەریتی بیانی و كاڵبوونەوەی داب و نەریتی كۆنی كوردەواری، بە تایبەت لە شایی و ئاهەنگەكانی بووک گواستنەوەدا كە شێوازە كۆنە كوردەوارییەكە بەرەو لەناوچوون چووە.
كۆژین لەو بارەیەوە گوتی: "ئەم هەنگاوەی ئێمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی كچانی تریش بەهەمان شێوە چاو لە ئێمە بكەن و ئاهەنگەكانیان لەسەر شێوازی جوانی كولتووری باو باپیرانیان ئەنجام بدەن و ئەو نەریتە زیندوو بكەنەوە".
خەنەبەندان رێوڕەسمێكی تایبەتە بە ژنان و لە شەوی پێش گواستنەوەی بووك ئەنجام دەدرێت، لەو شەوەدا ژنان و كچانی هەردوو بنەماڵە و هاوڕێیانی بووك لەماڵی بووك كۆدەبنەوە و خەنە دەهێنرێت و لەناو لەپ و سەر و پرچی بووك دەدرێت، لە كۆنیشەوە گوتراوە كە لەو رۆژەوە خۆشی و شادی بۆ بوك دەهێنێت.
خەنە لە كۆنەوە لەناو كچان و ژنانی كورددا وەك چارەسەر و جوانكاری بەكارهاتووە و گرنگی پێدراوە.