Sangar Hamad Azeez
19 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
ساڵانە لە ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و لە پێشوازی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد، دروودی خوای لێبێت، لەسەرتاسەری جیھانی ئیسلامی، رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەوولود و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت و لەلایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو رۆژە دەکرێتە پشووی فەرمیی.
ئەم بۆنەیە لە مزگەوت و تەکیە و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەدەچێت و لە بەشێکی رێوڕەسمەکەشدا رێبازانی تەریقەتی قادری، دەروێش و موریدەکان دوای خواردنی شیرینی و پیرۆزبایی و یەکترماچکردن، ئەوا دەست دەکەن بە زیکرکردن و تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن. دوو جۆر تەریقەت هەیە، تەریقەتی نەقشبەندی و تەریقەتی قادری. تەریقەتی نەقشبەندی تەریقەتێکی سەرەکیی تەسەوفی ئیسلامییە کە بناغەی تەریقەتی نەقشبەندی لە سەر سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام و شەریعەت بونیادنراوە بەڵام لە تەریقەتی قادریدا، شوێنکەوتوانی دەست دەکەن بە زیکر و لەخۆدان و هەر ئەمەشە کە هەردوو تەریقەت لەیەکتر جیادەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پڕۆگرامێکی تایبەت بەبۆنەی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د. خ) لەسەر قەڵای هەولێر سازکرابوو و تیایدا پارێزگای هەولێر نەوزاد هادی و پشتیوان سادق وەزیری ئاوقاف بە وەکالەت ئامادەبوون.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان نیاز راغب گوتی: " یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە سەردەمی دەسەڵاتی حاکمی شاری ھەولێر، مزەفەرەددین گۆکبەرەوە سەری هەڵداوە و تاوەکو ئێستاش درێژەی هەیە ".
هاوکات بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد دروودی خوای لەسەربێت، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمیی.
جێی ئاماژەیە، سەرەتای سەرھەڵدانی یادکردنەوە و بەڕێوەچوونی مەولودی پێغەمبەر بە فەرمی، وەک نەریتێکی موسڵمانانە و رێزلێنان لەپێغەمبەری خوا، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی دەسەڵاتی حاکمی شاری ھەولێر، مزەفەرەددین گۆکبەری.
ساڵانە لە چەند شوێنێک ئەم رێوڕەسمە بەڕێوەدەچێت و لە یەکێک لە جێگا هەرە کۆنەکان، تەکیەی شێخ عەبدولکەریمی دارەخوورماییە کە ماوەی نزیکەی ٨٠ ساڵە ئەم بۆنەیە بەڕێوەدەچێت و شێخ عەبدولکەریم بە شێخی کەزی سۆر ناسراوبوو، لە ساڵی ١٩٦٢ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەناو تەکیەکەی لە گەڕەکی خانەقا نێژراوە.