Sabri Yıldırım
12 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
مووش - AA
لە پارێزگای مووش کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا، ئاژەڵەکان دەبرێنە کوێستانەکان.
بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمەکانی گۆشت و شیر، ئاژەڵدارانی گوندەکانی کرکۆی، سوروگودەن، یوجەتەپە و ئاشاغیسزما، ئاژەڵاکانیان دەبەنە کوێستانەکانی ناوچەکە.
ئاژەڵداران بە تراکتۆر خۆراک و پێداویستییەکانیان دەگوازنەوە بۆ کوێستانەکان کە ماوەیەکی زۆر تیایاندا نیشتەجێ دەبن.
مەهمەت دینجار، کە یەکێکە لە ئاژەڵدارانی ناوچەکە باسی لەوە کرد کە ئاژەڵەکانی بردووە بۆ کوێستانی کرکۆی.
دینجار ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بارانەوە چەند رۆژێک درەنگ چوونەتە کوێستان و گوتی: ''ئەمڕۆ گەشتە سەختەکەمان دەستی پێ کرد. بژێویمان بە ئاژەڵداری پەیدا دەکەین. بەپێی کوێستانەکان ماوەی مانەوەمان دەگۆڕێت. ئێمە دوو مانگ دەمێنینەوە، ئاژەڵدارانی دیکە لە یەک دوو رۆژی دیکەدا دەگەن. رێگاکەمان تێکچووە. تیمی ئیدارەی تایبەتی پارێزگا بە ئامێرەکانی کارکردن پاکیان کردنەوە. سوپاسی ئەو تیمانە دەکەین''.
ئاژەڵدارێکی دیکە بەناوی وەهاب مەنتەش باسی لەوە کرد کە دەستیان کردووە بە کۆچ بەرەو کوێستان و، گوتی: ''کاتێک دەچین بۆ کوێستان ئاسوودە دەبین. ئاو و سەوزایی زۆر جوانە. لە رۆژێکدا دوو جار ئاژەڵەکان دەدۆشرێن. بەو شیرەی دەستمان دەکەوێت پەنیر بەرهەمدەهێنرێت. تازە هاتووین و هەوڵ دەدەین نیشتەجێ ببین. دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ ماینەوە، ئینجا دەگەڕێینەوە بۆ گوندەکەمان. کاتێک کەشوهەوا گەرمی کرد بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانمان لەناونەچن دەیانهێنین بۆ کوێستان. ئەو ماوەیەی لێرە بمێنینەوە پەنیر و رۆنەکەرە بەرهەمدەهێنین، لەبەرئەوە پێویستە بەباشی ئاژەڵەکان بەخێوبکەین. هەموو ئەو کەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن روو لێرە دەکەن. سەوزاییەکەی جوانە و ئاوی زۆرە''.
ساکینە عومەر، کە یەکێکە لە ئاژەڵداران، باسی لەوە کرد نزیکەی سێ مانگ لە کوێستان دەمێننەوە و، ئەو بەرهەمانەی دەستیان دەکەوێت بۆخۆیان دەیخۆن و ئەوەیشی دەمێنێتەوە دەفرۆشن و بژێوی پێ پەیدا دەکەن.