Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2018
هەڵەبجە – AA
پڕۆژەكە لەسەر رووبەری دوو دۆنم زەوی بنیاتنراوە و كێڵگەیەكی گەورەی بەخێوكردنی ماسی و چەندین جۆر پەلەوەر و كشتوكاڵ لەخۆدەگرێت، كۆمپانیای گەردین بۆ بەرهەمە ناوازەكان سەرپەرشتی كارەكان دەكات.
سەرپەرشتیاری كێڵگەكە، حامید ئیسماعیل لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەكە یەكەم پڕۆژەی لەو شێوەیە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەخێوكردنی ماسی سەلەموون و كارب و قاسمە، جگە لەوەش بۆ یەكەمجار گەنمەشامی رەنگاوڕەنگمان بەرهەمهێناوە و چەندین جۆری تر پەلەوەر و كشتوكاڵ دەكەین".
ئەو گوتی: "پڕۆژەكە ماوەی چوار ساڵە كراوەتەوە و هەوڵ دەدەین لەو كارانەی ئەنجاممان داوە جێگا دەستمان دیار بێت".
پڕۆژەكە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 15 تۆن ماسی سەلەموون و 25 تۆن ماسی كارب و قاسمەی هەیە، بەڵام سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە داوای هاوكاری لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری دەكەن بۆ پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەكەیان.
حامید ئیسماعیل گوتی: "لەم كێڵگەیەدا جگە لە بەخێوكردنی ماسی، نزیكەی 13 جۆر پەلەوەری جۆراوجۆر بەخێو دەكەین كە هەندێكیان بۆ یەكەمجارە دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان، هەروەها لە بواری كشتوكاڵدا چەندین جۆر دانەوێڵە و سەوزە و میوەمان كردووە و بۆ یەكەمجار توانیمان گەنمە شامی رەنگاوڕەنگ بەرهەم بهێنین".