Necat Hazar
28 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
وان - AA
چەمی موکوس کە دەکەوێتە قەزای باهچەسەرای سەربە پارێزگای وان، دیمەنێکی سروشتیی سەرنجڕاکێشی بە شارۆچکەکە بەخشیوە و لەئێستادا، کار بۆ ئەوە دەکرێت ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بۆ پێشبڕکێی بەلەمەوانی لەسەر دروست بکرێت.
لەم بارەیەوە سەرۆکی راهێنەرانی بەلەمەوانی تورکیا، سەڤاش ئیزمیرلی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە مەشقیان بە ٢٠ بەلەمەوانی شارۆچکەکە کردووە و رایگەیاند "لێرە مەشقێکی باشمان بە ٢٠ گەنج کردووە. ئەو گەنجانە دوای تەواوکردنی مەشقەکەیان بوون بە کاپتنی بەلەمی ئەو کەسانەی بۆ گەشت هاتبوونە ناوچەکە. دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی میوەی ئەو دارەی رواندمان. نزیکەی سەدا ٧٠-٨٠ی رووبارەکانی تورکیام بینیوە، بەڕاستی ئەم چەمە ئاوی زۆرە و ئاوەکەیش روون و سازگارە".
لای خۆیەوە جێگری بەڕێوبەری وەرزش و لاوانی قەزای باهچەسەرای، عەفان ئۆرهان باسی لەوە کرد کە قەزای باهچەسەرای بەهۆی سروشتە جوانەکەی و بوونی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی تیایدا بووەتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار.
عەفان ئۆرهان ئاماژەی بەوەیش دا کە کاریان بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە دەکەن و گوتی: "دەمانەوێت شوێنە گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە بناسێنین. ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە کڵێسا و پردە مێژووییەکان دەبینن و دواتر بەلەمەوانی دەکەن. لێرە ٢٠ گەنجمان مەشقی بەلەمەوانییان تەواو کردووە و هەوڵدەدەین مەشق بە هەموو گەنجەکانمان بکەین. لەم رێگەیەشەوە بەلەمەوانی لێهاتوو بۆ وڵاتەکەمان پێ دەگەیەنین. گەورەترین ئامانجمان ئەوەیە بەلەمەوانەکانی شارۆچکەکە ببنە پاڵەوانی تورکیا".