Zana Natık Kerem
22 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
بەغدا ــ AA
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد رایگەیاند كە ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا و قەزای حەویجە سەربە پارێزگای كەركووك بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە، ٢٢٠ هەزار كەس.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی كەنەدا، ماری كلود كە ئەمڕۆ سەردانی بەغدای كرد، جاسم محەمەد گوتی: "ژمارەی ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا و قەزای حەویجە گەیشتووەتە، ٢٢٠ هەزار كەس و لە بەرامبەر ئەمەدا ژمارەی ئەو ئاوارانەی كە تا ئێستا گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان گەیشتووەتە، ٦٣هەزار كەس".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئامادەكارییەكانی وەزارەتەكەیان بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەی دیكە زۆر باشە و تا ئێستا ١٢ یەكەی نیشتەجێبوونی فریاگوزاری بۆ ئاوارەكان ئامادە كراوە و ئاماژەی بەوەش دا كە بۆ ھاوكاریكردنی ئاوارەكان، هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەكانی ئەمنییدا هەیە.
جاسم محەمەد جەختی كردەوە كە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئەخلاقی لە ئەستۆ بگرێت بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بواری مرۆیی چونكە عێراق باجی تیرۆری نێودەوڵەتی دەدات.
لای خۆیەوە وەزیری گەشەپێدانی كەنەدا، ماری كلود لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند كە وڵاتەكەیان پابەندە بەپشتیوانیکردنی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی و عێراق بەتایبەتی لە بواری مرۆییدا.
پێشتریش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو كە پێشبینی دەكەن لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار كەس ئاوارە بن.