Ali Mukarrem Garip,Mohammed Baqi Hussein
04 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2019
كەركووك - AA
بارانی بەهێز لە ناحیەی پردێ سەربە پارێزگای كەركووك، كاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر ژیانی خەڵكی.
لە ئەنجامی سەرڕێژكردنی رووباری زێی بچووک كە بە ناحیەكەدا تێدەپەڕێت، ئاو چووەتە نێو بەشێك لە ماڵەكانی كەناری رووبارەكەدا و بەناچاری چۆڵكراون.
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، عەبدولموتەڵیب نەجمەددین لە روونكردنەوەیەكیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بارانی بەهێز بەردەوامە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی رووباری زێی بچووک".
نەجمەددین رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكە مەترسییە بۆسەر ناحیەكە و بەو هۆیەوە هەندێك لە ماڵەكانی كەناری رووبارەكە چۆڵكراون.
ناوبراو راشیگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكانی ناحیەكە 24 كاتژمێر لەئامادەباشیدان.