Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2017
ئەشكەوتی گەورە و كریستاڵیی كونەبا، یەكێكە لە دیمەنە دەگمەنەكانی ناوچەکە و بە یەكێك لە ئەشكەوتە گەورەكانی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت ، لە ناو ئەشكەوتە كانیەك هەیە كە ئەشكەوتەكەی جوانتر كردووە و چەندین دیمەنی كریستاڵی لە ئەشكەوتەكەدا دروست كردووە.
ئەشكەوتەكە لە چیای گوڵانە لە نزیك قەزای دەربەندیخان و گەشتیاران بەهۆی سەختی چیاكەوە ماوەیەكی زۆر لەسەر شەقامی سەرەكییەوە بەپێ دەڕۆن و بە چیاكەدا سەردەكەون تا دەگەنە نێو ئەشكەوتەكە.
زیاتر لە 60 گەنجی كوڕ و كچی گرووپێكی لەشجوانی لە شاری سلێمانییەوە وەك پیشەیی هەمیشەیی خۆیان كە هەر جارەی سەردانی ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمجارە سەردانی ئەشكەوتی كونەبایان كرد.
دەروازەی ئەشكەوتەكە بە رێڕەوێكی تەسك و بچووك دەست پێدەكات، دوای بڕینی رێگایەكی سەخت و دژوار بەنێو ئەشكەوتەكەدا دەگەیتە نێو قوڵایی ئەشكەوتەكە و كانی سازگار و دیمەنە كریستاڵییەكانی نێو ئەشكەوتەكە گەشتیاران سەرسام دەكات.
لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی كە پلەی گەرما دەگاتە نزیك 50 پلەی سەدی، رۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانی ئەشكەوتەكە دەكەن و بەهۆی كەشوهەوای فێنكی نێو ئەشكەوتەكە و كانی و ئاو و دیمەنە سەرنج راكێشەكانییەوە كە سەردەمی دروستبونی بۆ سەردەمە مێژووییە كۆنەكان دەگەڕێتەوە، پشوویەك دەدەن و بۆ چەند ساتێك دەحەسێنەوە.