Hamit Hüseyin
10 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2015
لە سەردانێكی مەیدانیدا بۆ كەمپی كەورگۆسك رۆژئاوای شاری هەولێر، دیار دەكەوێت ئەو ئاوارانەی كە لە كەمپەكە نیشتەجێن لەگەڵ ھاتنەوەی وەرزی باران بارین و سەرماوسۆڵە لەژیانێكی سەختدان، ھەرچەندە كە بەرپرسانی کەمپەکە دەڵێن ھەرچی لە توانایاندا بێت بۆیانی دەكەین، بەڵام سەرماوسۆڵە و نەبوونی نەوت و سووتەمەنی و گەرمكەرەوە ژیانی پەنابەرانی خستوتە مەترسییەوە و بە گوتەی خۆیان شەو تا بەیانی منداڵەكانیان لەبەر سەرماوسۆڵە و چوونی ئاو بۆ نێو خیوەتەكانیان خەو ناچێتە چاوانیان.
ژنێكی تەمەن ٤٠ ساڵ دانیشتوی كەمپی كەورگۆسك بە ناوی شوافە بەدەم گریانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەریكە لەناو قوڕ و لیتەدا دەخنكێین، شەو تابەیانی لەترسی باران و لافاو ناخەوین، تائێستا چەندین خێوەت كەوتوونەتە ژێرئاو و منداڵەكانمان بەھۆی سەرماوسۆڵە تووشی كۆخە و ژانەسك و چەندین نەخۆشی ھاتوون. ھەروەھا رەوشی ئابووریشمان زۆر خراپە و تانەت ناتوانین چەند مەتر نایلۆنیش بكڕین تا خیوەتەكەی خۆمانی پێ چاك بكەینەوە، ماندوو بووین با بە بلۆك كەمپێكمان بۆ دروست بكەن ئێمە ئەوە سێ ساڵە لە نێو ئەو خیوەتانەدا ژیانێكی سەخت دەژین".
شوافە دەڵێت: "رەوشی ژیان و باری دەروونی ئێمە لە ھەموو كەسێكی ئەو جیھانە خراپترە و خۆزگە دەخوازین قسەكانی ئێمە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵكی خێرخواز بگات بەڵكو لەم زستانەدا بە ھانامانەوە بێن".
ئەو ئافرەتە بە ناڵەوە دەڵێت "سوێند بە خوا پارەی شیری منداڵی ساوامان نییە و نائومێدین و چارەنووسی نادیار و دوارۆژیێكی رەشمان ھەیە".
ئیلھام عەبدلحەلیم ئاوارەیەكی دیكەی كەمپی كەورگۆسكە و خەڵكی شاری حەسەكەی رۆژئاوایە و دەڵێت "ئەوە ماوەی دوو ساڵ و چەند مانگێكە ئێمە لەم كەمپەین وەك ئاژەڵ دەژین بۆ كەس بە ھانامانەوە نایەت؟ ئەوە ماوەی سێ رۆژە و سێ شەوە نەمتوانیوە بخەوم لە بەر ئەوەی خیوەتەكەمان پڕ بووە لە ئاو و منداڵەكەم كە تەمەنی سێ ساڵە تووشی حاڵەتێكی دەروونی بووە و ترسم لەوە ھەیە كە گەورە بێت نەتوانێت وەك كەسێكی ئاسایی ھەڵسۆكەوت بكات، چی بكەین؟".
گوتیشی: "نازانین چی بكەین ترسمان ھەیە كە سەفەری ئەورووپاش بكەین ئەمە چ جۆرە چارەنووسێكە خەڵكی ئێمە تێكەوتووە، نیوەیان لە دەریا و نیوەكەی دیكەشیان لە كەمپەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەڕاگەندە بوون. ئیتر باش دەزانین رەوشی ئێمە ھیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوانەی كە لە نێو دەریا دەخنكێن ئێمەش ھەر مردووین".
بەڕێوەبەری كەمپی كەورگۆسك خەواڵ عارف لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ وەرزی زستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بە ھەماھەنگی لە گەڵ UNCHR تیمی تایبەتمان هەیە بۆ ھەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە خیوەتەكان تێك بچن یاخۆد ئاو بكەوێتە نێویان ئەوا تیمەكانمان بە ھانای دانیشتوانی كەمپەكە دەچن و كاری پێویستیان بۆ دەكەن".
گوتیشی: "ئەوەی لە توانای حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بێت بۆ ئاوارەكانی كردووە و بەردەوامیش دەبێت. ئەگەر كەرەستەی نێو خیوەتی ئاوارەكان لە كاتی باران باریندا تێك بچێت ئەوا بۆیانی دەگوڕین و ھەروەھا ئەگەر پێویستیان بە بەتانی و ئامێری گەرمكەرەوەش ھەبێت ئەوا بە ھاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەی دەكەین".
كەمپی كەورگۆسك كە گەورەترین كەمپی پەنابەرانی سووریایە لە ھەولێر، لە ١٥/٨/٢٠١٣ دروستكراوە و لەئێستادا نزیكەی ١٥ ھەزار ئاوارەی كوردی رۆژئاوای تێدا دەژی كە لە ٢٥٠٠ خێزان پێكھاتوون.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن لە ساڵی ٢٠١٤ سەردانی ئەو كەمپەی كرد و كۆمەلێك بەڵێنی بە پەنابەرانی كەمپەكەدا، بەڵام ھێشتا ئەو پەنابەرانە لەژێر نمەی باران و لەنێو قوڕ و لیتەی بەر چادرەكانیان چاوەروانی ئەو بەڵێنانەن.
لەگەڵ دەستپێكردنی ئالۆزییەكانی سووریا و دواتر فراوانبوونی ئەو ئاڵۆزیانە بۆ قەیران، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا رۆیشتن و ئاوارە بوون و زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار كەس روویان لە ھەرێمی كوردستان كردەوە و لە چەند كەمپێك جێگیركراون.