Rewa Mahmood Hasan
04 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی لەشاری سلێمانی یەکەم حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناسراو بە کۆڤید-١٩ تۆمار کرا، لقی سلێمانیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی باڵای فتوا، بڕیاریاندا بە راگرتنی نوێژی بەکۆمەڵی مزگەوتەکان و، بەشێوەیەکی کاتییش نوێژی هەینی و گوتاری هەینی ئەنجام نادرێت.
دوای ئەوەی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی، لقی سلێمانیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا چەند بڕیارێکیان خستەڕوو.
سەرۆکی لقی سلێمانیی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، ئەحمەد شافعی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا پێی ناوەتە حاڵەتێکی جددییەوە، بەتایبەت کە هۆکاری سەرەکی بڵاو بوونەوەکانیش کۆبوونەوەی دەستە جەمعیە بۆیە ئەوان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریان دا بە:
١- سەرجەم نوێژە بەکۆمەڵەکان بۆ کاتێکی نادیار لە مزگەوتەکان دوابخرێت.
٢- ئەم هەینیە نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان رادەگیرێت بەشێوەیەکی کاتیی لە پارێزگای سلیمانی و دەوروبەری.
٣- لە مزگەوتەکاندا بانگدان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتایی هەر بانگێکدا بانگەشە بۆ موسڵمانان دەکرێت کە لە ماڵەکانیاندا نوێژ بکەن.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی حاجی ئاکۆ حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ لەسەر پرسی راگرتنی نوێژی جەماعی لە نوێژە فەرزەکان لە مزگەوتەکاندا، لیژنەی باڵای فەتوا، لقی سلێمانی، لەگەڵ لقی سلێمانیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی بە بەشداری پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئازاد حەمەئەمین لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و، تیایدا بڕیاریانداوە تا ئاگادارکردنەوەی دووهەم، نوێژی بەکۆمەڵ لە نوێژە فەرزەکان لەمزگەوتەکان قەدەغەبکرێت و ئەم هەینیە، نوێژی هەینی ئەنجام نادرێت و گوتی: ''بۆ بڕیاردان لە ئەنجامدانی نوێژی هەینییەکانی هەفتەکانی داهاتوو، کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت، تاکو بڕیار بدەین بە ئاڕاستەی پاراستنی سەلامەتی سەرجەم هاووڵاتیانمان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، تاکو ئەم پەتایە لێمان دوور دەکەوێتەوە".