AA
02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2020
دھۆک - AA
دوای کۆبوونەوەی ھەر حەوت قایمقامەکەی سنووری پارێزگای دھۆک، داوا کراوە کە ئەو ئاسانکارییانەی کە لە هەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی کراون لە پارێزگای دھۆکیش بکرێن و بو ئەم مەبەستە سبەی ژووری ئوپەراسیونی پارێزگای دھۆک بۆ بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و لەمبارەیەوە بڕیار دەدات.
قایمقامی قەزای ناوەندی دھۆک، جەوھەر عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەمرۆ ھەر حەوت قایمقامەکەی سنووری پارێزگای دھۆک لە بارەی قەدەغەی ھاتوچۆ کۆبووینەوە و باسمان لە میکانیزمی ئاسانکارییەکان کرد بۆ ھاووڵاتییان و داوامان کرد کە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان بکرێت و ئەو بڕیارانەی لە ھەولێر و سلێمانی دراون، لە دھۆکیش بدرێن".
جەوھەر عەلی گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە سبەی ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای دھۆک بو بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست لەمبارەیەوە دەدرێت".
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە پارێزگای دھۆکیش هاوشێوەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر قەدەغەی ھاتوچۆ لە ژێر رێوشوێنی تەندروستی توند ھەڵدەگیرێت.
دوای تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرونا لە ھەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠٢٠/٥/٣١ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بریاری قەدەغەی ھاتۆچۆی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێم دەرکرد، و ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٦/٢ ھەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بڕیاریاندا لە ژێر رێوشوێنی تەندروستی توند قەدەغەی ھاتۆچۆ ھەڵبگرن.