ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەوانەی لەرێگەی پارێزبەندی یاساییەوە ناحەقی بەرامبەر بە دادگا و میللەت و دەوڵەت دەکەن، ھەوڵ دەدەن تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تووشی گیروگرفت بکەن. بەڕوون و ئاشکرایی دەیڵێم، ھیچ ترس و نیگەرانیەکم بەرامبەر ئەو ھێرشە نێودەوڵەتیانە نییە. ئەوەی بۆ من گرنگە میللەتەکەمە".
ئەردۆغان لەبارەی ھەڵوێستی رۆژئاوا بەرامبەر تورکیا گوتی: ''ئایا رۆژئاوا ھیچ کاتێک خەوێکی خێری بەئێمەوە بینیووە؟ نەیبینیووە. لەکاتێکدا تورکیا کە ماوەی ٥٣ ساڵە لەبەردەم دەرگای یەکێتیی ئەورووپادا چاوەڕێی پێدەکرێت، ئێمە چاوەڕێی چی لە رۆژئاوا بکەین. با خۆمان نەخڵەتێنین. پێویستە خۆمان سەری خۆمان بخورێنین. بڕوا بکەن، ئەگەر ھەوڵ بدەین و کۆشش بکەین، لەڕووی زانستییەوە مامۆستاکانمان، خوێندکارە خۆشەویستەکانمان بۆ داھاتوو ئامادە بکەن، ئێمە ئەوان تێدەپەڕێنین، ھیچ خەمێکتان لەوبارەیەوە نەبێت''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا ئیتر نەخشە رێگای خۆی کێشاوە. گوتیشی: "تورکیا بەھۆی ئەو رووداوانەی لەماوەی ئەم سێ ساڵەی دواییدا روویانداوە گۆشەنگیای گۆڕیووە و وڵاتێکە کە ھێڵی خۆی کێشاوە. لەمەودوا بەلای ئێمەوە پێوەرێک نییە بڵیت 'ئەوە چی دەڵێت؟ ئەمە چی دەڵێت؟' ئیدی پێوەری ئێمە ئەوەیە چی لە بەرژەوەندی گەل و وڵاتدا پێویستە ئەمە بکەین. وەک نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ لەکاتی رووداوەکانی گەزیدا بەو تێڕوانینەوە کەوتینە جموجۆڵ. لە کۆتایی ھەمان ساڵدا لە ١٧-٢٥ی کانوونی یەکەمدا لە ھەوڵی کودەتا بەسەر ئاسایش و دادوەریدا پێوەری ئێمە ھەر ئەوە بوو".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ھەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی رابڕدوو کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ھەدەپە لەم ماوەیەدا خەڵکیان رژاندووەتە سەر شەقام. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "٧ی حوزەیران بەبیر خۆتان بێننەوە، ٨٠ کورسییان لە پەرلەمان بەدەست ھێنا. باشە با ئەو ٨٠ پەرلەمانتارە بچن لە پەرلەمان دابنیشن و کاری خۆیان بکەن. نا وایان نەکرد رۆژێک دوای بەدەستھێنانی ئەو ٨٠ کورسیە، لە دیاربەکر خەڵکیان بانگھێشتی سەر شەقام کرد و بوونە ھۆی گیان لەدەست دانی٥٠ کەس. کوژراوەکان کورد بوون، بکوژیش ھەر کورد بوو. ئەمان ئەوەیان کرد. لەڕاستیدا روودانی ئەو رووداوە زۆر روون و دیارە. وەک دەزانن پەرلەمانی تورکیا لەمانگی ئایاری رابردوو مافی پارێزبەندی لەسەر زۆریک لەپەرلەمانتاران ھەڵگرت. ئەو رووداوە تەنھا تایبەت نییە بە ئەوان. بەڵام ئێستا گوێ لە رۆژئاوا بگرن بزانن چۆن رووداوەکان ھەڵدەسەنگێنن. ئەو بابەتە رەوانەی دادگای دەستووری کرا، ئەویش لەرووی یاساییەوە بەگونجاوی زانی. لەسەر ئەو بابەتە تەنانەت سەرۆکی گشتیی پارتەکانیش لەسەر دۆسییەکانیان چوونە بەدرەم دادگا بۆ گوتە لێوەرگرتن. بەڵام ئەندامانی پارتێکی سیاسیی ھەر لە سەرەتاوە بەمکوڕییەوە ھەوڵیانداوە ئەو بابەتە وەک رەگەزێکی ھاندان بەکار بھێنن".
ئەردۆغان گوتیشی: "لەو رووداوانەی دواییدا وەزیرانی ئەورووپی ھێرش دەکەنە سەر تورکیا و دێن و دەچن. سەردانی پارتێکی دیاری کراو دەکەن. ئێ چی دەبێت. بڕیاری ئێرە دەگۆڕن؟ لێرە یاسا ھەیە. ئێمە کاتێک شتێکیان پێ دەڵێین، لەکاتێکدا ئێمە دەوڵەتی یاسایین، ناتوانین دەستوەردان بکەین لەیاسادا، چونکە یاسا سەربەخۆ و بێلایەنە. تۆ چۆن رێزێکت دەوێت چۆن رێزی لێ دەگریت؟ ببورە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی گوتارەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە رابڕدوو ژمارەیەکی زۆری دۆسیەیان لەسەر پرسی تیرۆریستان داوەتە ئەڵمانیا. گوتیشی: "لەکاتێکدا لەگەڵ بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا لە ئیستانبوڵ چاومان بەیەک کەوت ئەو کات گوتم لەبیرتانە ٤ ھەزار دۆسیەتان دراوەتێ لەلایەن میتەوە لەسەر پرسی تیرۆریستان. گوتی 'بەڵێ'، منیش پرسیم ئەی ئەنجامی چی بوو؟ گوتم ئەو دادپەروەریەی دوا دەکەوێت. دادپەروەری نییە. ئەورووپا ھەموویان سەرەڕای ئەوەی پەکەکەیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی راگەیاندووە، تائێستا تیرۆریستان داڵدە دەدەن".
سەرکۆماری تورکیا ھەڵسەنگاندنی بۆ دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی ھەدەپە کە نەچوونەتە بەردەم دادگا. گوتی: "ناتوانین چاوپۆشی لەو کەسانە بکەین کە نەچوون بۆبەردەم دادگا بۆ پێدانی وتەکانیان. ھاوکات دادگا لە چوارچێوەی یاسا و دادگای دەستووری و سیستمی دادورەی ھەنگاوی ناوە. بنەمای یاسا ئاشکرایە، ئەگەر نەچیت بۆ پێدانی وتە ئەوا بە زۆرەملێ دەبردرێیت. ئەو کارانەی کە رۆژی رابردوو ئەنجامدران ھەر بەو شێوەیە بوون. نابێت ھیچ کەسێک لەم وڵاتە خۆی لە سەرووی یاساوە بزانێت".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "تەنھا لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥ەوە تاکو ئێستا پەکەکە ٧٨٧ کارمەندی ئەمنی و ٣١٢ ھاووڵاتی مەدەنی ئێمەی شەھید کردووە. لەو ھێرشانەیدا زیاتر لە چوار ھەزار کارمەندی ئەمنیمان و زیاتر لە دوو ھەزار ھاووڵاتیی مەدەنیمان برینداربوون. لە ئۆپەراسیۆنەکانیش بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز دەست بەسەر نزیکەی پێنج ھەزار و ٥٠٠ پارچە چەک، ٦٥٠ ھەزار فیشەک، ١٢ ھەزار تۆن مادەی تەقەمەنی، ١٥ ھەزار بۆمبدا گیراوە. ئەی رۆژئاوا ئەوانە ببیستە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێوە وەک پەرلەمانتار نا بەڵکو وەکو تیرۆریست ھەڵسوکەوت بکەن، وەک تیرۆریست مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت. بەرگریکردن لە گۆشەنیگا و دونیابینییەکی سیاسیی زۆر جیاوازە لە بەرگریکردن لە تیرۆر و رێکخراوە تیرۆریستی و چالاکییە تیرۆریستییەکان. ئێمە رێز لەو کەسانە دەگرین کە بیروبۆچوونیان لەگەڵ ئێمە جیاوازە. بەڵام ئەگەر بابەتەکە بێتە سەر ھەڕەشەکردن لە یەکپارچەیی خاکی وڵات، یەکێتیی نەتەوەیی، پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان ئەوا چاومان کەس نابینێت. ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانەی ھەر جۆرە خەسڵەتێکیان ھەبێت کە ناپاکی بەرامبەر وڵات و میللەتی خۆیان دەکەن لەبەردەم دادگا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، لەپێناو ئەمەشدا زەمینەسازی باش بڕەخسێنین".
news_share_descriptionsubscription_contact



