Ekip
02 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
بازاڕەکانی وزەی جیھان، چاویان لە کۆبوونەوەکەی ئۆپێک پڵەس-ە کە چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجام بدرێت و لە میانیدا بڕیار بدرێت ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ کەم بکرێتەوە.
ماڵپەڕی عەرەبییەی سعوودی بڵاوی کردەوە کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئۆپێک پڵەس لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشێوەیەکی داخراو ئەنجام بدرێت، بەڵام وەزیرانی نەوت و وزەی ئەو وڵاتانەی کە لەچوارچێوەی ئۆپێک پڵەس ئارەزوومەندانە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت کەم دەکەنەوە، ئەمڕۆ سەردانی ڕیاز پایتەختی سعوودیە دەکەن و لەوێ ڕووبەڕوو، سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان تاوتوێ دەکەن.
ئوپێک پڵەس لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، پێشھاتەکانی بازاڕی نەوتی جیھان تاوتوێ دەکات، ئەوەش لە سایەی پێشھاتە ئابووری و جیۆسیاسییە جھیانییەکان، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار لەسەر چارەنووسی کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانە دەدرێت کە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک بەسەرکردایەتی سعوودیە جێبەجێ دەکەن و لە ٣٠ی ئەم مانگەش کۆتایی دێت.
ھەروەھا لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئوپێک پڵەسدا، چارەنووسی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢وە، لەلایەن ٢٢ وڵاتەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی دێت، یەکلایی دەکرێتەوە.
بە پێی ڕێکەوتنی ئۆپێک پڵەس، پێویستە وڵاتانی ئەندام و هەروەها وڵاتانی بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ، ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکەنەوە.
ھاوکات لەئێستادا، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازارەکانی جیھاندا لە ٨١ بۆ ٨٤ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش لە ئاستی پێشبینییەکانی ئۆپێک پڵەس بە ١١ دۆلار کەمترە، چونکە ئۆپێک پڵەس پێشبینی کردووە کە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازارەکانی جیھاندا، بگاتە ٩٥ دۆلار.