Azat Muhammet
23 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2017
دهۆک - AA
جیاواز لە بازاڕەکانى دیکەى پارێزگاى دهۆک، کرێن و فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕى زێڕینگران وەک پێویست نییە، زێڕینگرانیش پێیانوایە تا قەیرانى دارایی بەردەوامى هەبێت، بازاڕ بەرەو سستى زیاتر دەچێت و، بەراورد بە ساڵانى رابردوو ٧٥ لە سەد کڕین و فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕ کەمیکردووە.
زێڕینگرێکى پارێزگاى دهۆک بە ناوى نزار عەبدوڵلا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە سستی بازاڕی زێر دەکات و دەڵێت "بە شێوەیەکى گشتى بازاڕى زێڕ سستیەکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە، هۆکارى سەرەکى ئەو قەیرانى داراییەیە کە ماوەى چەند ساڵێکە هەرێمى کوردستان دووچارى بووەتەوە، گوزەرانى خەڵکى بە جۆرێک خراپ کردووە کە تواناى ئەوەى نەما وەک ساڵانى رابردوو روو لە زێڕ کڕین بکەن".
ئەو زێڕینگرە دەشڵێت "شەڕى داعش کاریگەرى نەرێنى کردووەتە سەر بازاڕى زێڕ، بەڵام بە پێچەوانە بوونى ژمارەیەکى زۆر ئاوارەى عەرەب لە سنوورى پارێزگاى دهۆک سوودى بۆ بازاڕ هەبووە تا رادەیەکى باش جووڵەى بۆ بازاڕ گەڕاندووەتەوە، چونکە ئاوارە عەرەبەکان مانگانە لە کاتى خۆى مووچەکانیان وەردەگرن، بۆیە وەک هاووڵاتییانى هەرێم تووشى قەیرانى دارایی نەبوونە، راستى ئەگەر ئاوارە عەرەبەکان نەبن بازاڕى زێڕینگرانى پارێزگاى دهۆک پەکى دەکەوێت".
هەروەها گوتى: "ماوەى نزیکەى دوو ساڵە بە ئاشکرا هەست بەوە دەکەین هاووڵاتییە کوردەکان روو لە زێڕینگرەکان دەکەن و زێرەکانیان دەفرۆشن، لە هەمان کاتیشدا ئاوارە عەرەبەکانى پارێزگاى دهۆک هەمان ئەو زێڕانەمان لێ دەکڕنەوە، ئەمە تا ئێستاش بەردەوامى هەیە رۆژانەیش چەندین حاڵەتى وا دووبارە دەبێتەوە".
نزار عەبدوڵلا بەسەرهاتى هاووڵاتییەک دەگێڕتەوە و دەڵێت "هەرچەندە زۆر بەسەرهاتى کاریگەرمان هەیە، بەڵام لە هەمووی جیاوازتر ئەوە بوو رۆژێک ئافرەتێکى کوردى دانیشتووى پارێزگاى دهۆک گوارەى منداڵێکى شەش ساڵى بە ئێمە فرۆشت بۆ ئەوەى بڕێک پارەى دەست بکەوێت تاوەکو چارەسەرى پزیشکى منداڵەکەى بکات. جگە لەمەیش حاڵەتى وا هەبووە کە ژن و مێرد دوو مانگ دواى پڕۆسەى هاوسەرگیریان ئەڵقەى پەنجەکانیان فرۆشتووە".
ئەو زێڕینگرە بە ئومێدى ئەوەیە قەیرانى دارایی کۆتایی بێت و جوڵەی بازاڕیش ئاسایی بێتەوە، دەشڵێت "خەڵکی حەزی زۆریان بۆ زێڕ هەیە، بەڵام لە توانایاندا نییە بیکڕن، هاووڵاتى وا هەیە چەند رۆژ جارێک سەردانى بازاڕەکەمان دەکات بۆ ئەوەى بزانێت نرخى زێڕ بزانێت، ماوەیەکە نرخى زێڕ جێگیر بووە نرخى یەک گرام زێڕ بە ٤٢ دوڵارە".
ئەو زێڕینگرە لەبارەى خواستى خەڵک گوتى: "لە ئێستادا ٩٥ لە سەدى خواستى خەڵک لەسەر زێڕى تورکیە، بۆیە ٨٠ لە سەدى زێڕی بازاڕى زێڕینگرانى دهۆکى لە زێڕى تورکى پێکهاتووە، ئەمەیش بۆ باشى کواڵیتى و جۆرەکەى دەگەڕێتەوە، خەڵک چاوەڕێى کۆتایی هاتنى قەیرانى دارایی و ئاسایی بوونەوەى گوزەرانیان دەکەن بۆ ئەوەى ئەو خواستەیان بەدى بێنن".