Rewa Mahmood Hasan
17 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2022
سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
سەرۆکی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، مەلا یاسین محەمەد هۆکاری گرانبوونی شمەک و کاڵا بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە و داوا دەکات بەپەلە حکوومەت و یەکە ئیدارییەکان هەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرگرتن لە گرانبوونی بازاڕ کە یەکێک لە هەنگاوەکان، هەڵگرتنی باجە لەسەر ئەو شمەکانەی هاووڵاتییان ناچارن رۆژانە بیکڕن.
مەلا یاسین محەمەد لە هەڤپەیڤینەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە هۆکارەکانی گرانبوونی شمەک و کاڵا دەکات لەنێو بازاڕەکانی هەرێم و رایدەگەیەنێت ''سێ هۆکار هەن بۆ گرانبوونی نرخی شمەک و کاڵا لە بازاڕەکانی هەرێمدا ئەوانیش، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناسەقامگیری سیاسیی و ئەمنی لە عێراق".
سەرۆکی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی ئەو جەنگەی ئێستا لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا هەیە، نرخی شمەک بە گشتی لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەتەوە، هاوکات هەندێک کاڵا و شمەک کە لە ئۆکراینا و وڵاتانی ترەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهاتن گرانبوون، بۆیە راستەوخۆ ئەم بەرهەمانە نرخیان لە بازاڕەکاندا گرانبوون.
مەلا یاسین محەمەد بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەتایبەت نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە هۆکارێکی تری بەرزبوونەوەی نرخ و گرانبوونی بازاڕ وەسف کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نرخی سووتەمەنی و نەوت بەرزبۆتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر گرانبوونی ئەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی بەکاربەری سووتەمەنی رەوانەی دەرەوە دەکرێن، هەر بۆیە نرخەکان لە هەرێمیش گران بوون، هەروەک ناسەقامگیری سیاسیی و ئەمنی لە عێراق بە هۆکارێکی تری گرانبوونی بازاڕ لەقەڵەم دا.
مەلا یاسین محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەرێمی کوردستاندا، سێ دەروازەی سەرەکی هەیە بۆ وەرگرتن و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک لە جیهانەوە، ئەوانیش کۆماری تورکیا و وڵاتی ئێران و دەروازەی سنووری ئوم قەسر کە لە خوارووی عێراقەوە دەگات بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "لەئێستادا ئەو وڵاتانەش بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕی خۆیان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەک بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە، ناچارن هەناردەی بەرهەم بەشێوەیەکی کاتیی رابگرن بۆ راگرتنی باڵانس و دابینکردنی پێداویستی خودیی (ئیکتیفای زاتی) کە ئەمەش کار دەکاتە سەر نرخی شمەک لە بازاڕەکانی هەرێم".
سەرۆکی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، مەلا یاسین محەمەد کە هاوکات یەکێکە لە بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان، وەک رێگەچارەیەک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کاڵا و گرانبوونی بازاڕ، لەڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵوە پەیام بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دەڵێت "دەبێت هەرچی زووترە بەپەلە حکوومەتی هەرێم لەڕێگەی تیمی تایبەتەوە چاودێری ورد بخاتە سەر بازاڕ و هەموو ئەو کەسانە سزا بدات کە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخیان گران کردووە، هەروەک دەبێت بەپەلە و هەرچی زووترە باج لەسەر ئەو کاڵا و شمەکانە هەڵبگیرێت کە پێداویستی سەرەکی رۆژانەی هاووڵاتییانن تاوەکو چیتر رێژەی هەژاری زیاتر بەرزنەبێتەوە و وڵات بەرەو هەڵدێر نەچێت".