Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، مەولەوی جەبار دوای كۆبوونەوەكە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەمڕۆ لێرە ئامادە بووین بۆ ئەوەی پلانی ساڵی 2018 تاوتوێ بكەین و چۆنیەتی جێبەجێكردنی و ئەوەی تا ئێستا جێبەجێكراوە چییە، لەسەر داهاتی گەشتوگوزار 20 لەسەدی دەتوانین بكەینە پڕۆژە بۆ خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەكان، لەسەر بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم و خودی وەزیریش 75 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ رۆژانی نەورۆز بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری باشتر بكەین بۆ جێگە گەشتیارییەكان و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویستە".
مەولەوی جەبار هەروەها گوتی: "بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری دەكرێت و خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆخۆی لەسەر خەتە تا بتوانین زیاتر خزمەتی گەشتیاران بكەین".
سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد، رۆژی شەممەی داهاتوو بە سەرۆكایەتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، سەردانی بەغدا دەكەن بۆ بەشداریكردنی پێشانگایەكی تایبەت و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان و تاوتوێكردنی بابەتی گەشتیاری و دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێم و عێراقدا.
بە گوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، سەرۆكی دەستەكەش رایگەیاند کە ئامانجیانە ئەو رێژەیە بۆ ئەمساڵ بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار بەرز بكەنەوە.