هەولێر-AA
سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار رایگەیاند: "گرنگیدانى حکوومەتى هەرێم و سەقامگیرى هەرێمى کوردستان، میوان دۆستى گەلى کورد، پێشوازى گەرمى هاونیشتمانیان لە گەشتیاران، دیمەنە دڵڕفێن و سەرنج راکێشەکانى ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێم سەرنجى گەشتیارى زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى و وڵاتانى جیهانى راکێشاوە کە سەردانى هەرێم بکەن، تا چەند گەشتیارێک زیاتر روو لە هەرێمى کوردستان بکات جموجۆڵى ناو بازاڕەکانى هەرێم زیاتر دەبێت".
سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار وەهاب لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى دیکە لە رووى گەشتوگوزارییەوە کرد و گوتى: "جموجۆڵێکى زۆر باش لەنێوان گەشتیارانى هەرێمى کوردستان وڵاتانى ناوچەکەدا هەیە. لە ئێستاشدا رۆژ لە دواى رۆژ تایبەت لە جەژن و بۆنەکاندا رێژەى گەشتیاران لە هەڵکشانى بەردەوام دایە، گەشتیاران لە عێراق، تورکیا، ئێران و چەندین وڵاتى دیکە چۆن لە وەرزى هاوین روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە بە هەمان شێوە لە وەرزى زستانیش روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و سەردانى ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمیان کردووە بۆ بەسەربردنى گەشتى زستانەیان، گەشتیاران بەگشتى بەو پەڕى دڵنیایی لە سلامەتى خۆیانەوە گەشت بۆ هەرێمى کوردستان دەکەن".
سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان پەیوەندى گەشتیارى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا بەپەیوەندییەکانى باش وەسف دەکات و دەڵێت: "لە چەند ساڵى رابردووە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت لێکنزیکبوونەوەیەکى باش لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیادا هەیە بۆ باشترکردنى کەرتى گەشتیارى هەرێمى کوردستان، دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان لە چەندین پێشانگاى گەشتیارى تورکیا بەشدار بووە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاشناى ئەزموونى کەرتى گەشتیارى بێت، بێگومان بۆ پێشخستنى کەرتى گەشتیارى هەرێم سوودمان لە ئەزموونى کەرتى گەشتیارى تورکیا بینیوە، کۆمپانیاکانى گەشتیارى بۆ هێنان و بردنى گەشتیاران لەنێوان هەریم و تورکیا بەردەوامن لە کارەکانیان، خۆشبەختانە جموجۆڵێکى گەشتیارى زۆر باشیش هەیە".
دەشڵێت: "هەرچەندە رێژەیەکى زیاتر لە هاووڵاتییانی هەرێمى کوردستان گەشت بۆ تورکیا دەکەن، بەڵام لە بەرامبەریشدا رێژەیەکى کەمتریش لە هاووڵاتییانى تورکیا روو لە هەرێمى کوردستان دەکەن، بەپێچەوانەشەوە ژمارەیەکى کەم لە هاووڵاتییانى کورد سەردانى عێراق و ئێران دەکەن لە بەرامبەریشدا رێژەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى عێراق و ئێران گەشت بۆ هەرێمى کوردستان دەکەن و بەناوچەیەکى ئارام و پارێزراوى ناودەبەن، ئەمەیش هەموو لەسایەى خەبات و قوربانیدانى هێزەکانى پێشمەرگە و شەونخونى هێزەکانى ئاسایشى هەرێمى کوردستانە".
مەولەوى جەبار ئاماژەى بەوەدا کە ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتانى جیهان تا ئێستا بەدروستى ئاشناى هەرێمى کوردستان نەبوون، لەبەر هەبوونى تیرۆریستانى داعش لە سنوورى هەرێم ترسیان لەوە هەیە گەشت بۆ هەرێمى کوردستان بکەن، زۆرێک لە هاووڵاتییانى وڵاتانى بیانى بەهەڵە لە هەرێمى کوردستان تێگەیشتوون، جارى وا هەبووە داوامان لە کۆمپانیاکانى وڵاتانى جیهان کردووە کە گرێبەست و لێکتێگەیشتنێکى گەشتیارى واژوو بکەین لە وەڵامدا یەکەم خاڵ داواى ئارامى و سەقامگیرى ناوچەکەیان کردووە، لەبەر ئەوەى داعش هەڕەشە و مەترسییەکى ئەوەندە گەورەى دروستکردووە زۆرێک لە کۆمپانیاکان ناوێرن روو لە هەرێمى کوردستان بکەن، تەنانەت بەشێک لە هاووڵاتییانى وڵاتانى ئەورووپا وا تێگەیشتوون کە تەواوى شارەکانى هەرێم پڕن لە چەکدارى داعش و تەقینەوەى تێدا ئەنجام دەدرێت، نازانن هەرێمى کوردستان و عێراق دوو وڵاتى زۆر لێک جیاوازن، ئەم خاڵە کارەکانى ئیمەى زۆر سەختتر کردووە و پێویستیمان بەچەندین قۆناغە بۆ نەهێشتنى ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لەسەر دڵ و دەروونى هاووڵاتییانى بیانى".
سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان گوتیشی: "بەهۆى قەیرانی داراییەوە زیانى زۆر بەکەرتى گەشتیارى و پڕۆژە گەشتیارییەکانى هەرێم گەیشتووە، چونکە زۆربەى ئەو پڕۆژانەى لەلایەن حکوومەتى هەرێمە ئەنجام دەدرا، بۆ ماوەیەک راوەستان و تەواو نەکران. خۆشبەختانە ئێمە وەک دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم سەرەڕاى قەیرانەکانیش کۆڵمان نەدا و لەسەر خزمەت و بوژاندنەوەى کەرتى گەشتیارى بەردەوام بووین. لە ساڵى ٢٠١٦دا، داهاتى گەشتیاریشمان زیاتر بووە و بەم داهاتە دەتوانین کورتهێنانى ساڵانى رابردوو قەرەبوو بکەینەوە".
- "تەنها لە ئاهەنگى سەرى ساڵ ٤٥ هەزار گەشتیار روویان لە هەرێم کرد"
سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەریمى کوردستان لە ئاماژە بەئاهەنگەکانى جەژنى سەرى ساڵ گوتی: "هەرچەندە بەفەرمى هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەى جەژنى سەرى ساڵ نەگێڕدرا، بەڵام ئەمە نەبووە هۆى ئەوەى گەشتیاران گەشتەکانیان بۆ هەرێمى کوردستان ئەنجام نەدەن، تەنها لە رۆژى سەرى ساڵدا ٤٥ هەزار گەشتیار لە وڵاتانى دەرەوە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە. لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاریەکان و ناوچە شاخاوییەکانى بۆ ماوەى چەند رۆژێک مانەوە، ئەوەش بوژانەوەیەکى باشى خستە ناو بازاڕى شارەکانى هەرێم".
گوتیشی: "بە بەراورد لەگەڵ ساڵانى رابردوو لە نۆ مانگى یەکەمى ساڵى ٢٠١٦دا، ٨٤ لەسەدى رێژەى گەشتیارى هەرێمى کوردستان زیادى کردووە لەو ماوەیەدا یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار گەشتیار لە وڵاتانى جیهانەوە روویان کردووەتە هەرێمى کوردستان".
لەبارەى داهاتى گەشتیارى هەرێمەوە سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان گوتى: "داهاتى گەشتیارى راستەوخۆ ناگەڕێتەوە خەزێنەى حکوومەت، چونکە ئەو داهاتە گەشتیارییانە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و دواتریش دەکەوێتە بازاڕەوە. لە بوارى گەشتیاریدا سێ جۆر داهات هەیە یەکەمیان ئەو باج و رسوماتانەن کە دەخرێنە سەر مۆڵەتى شوێنە گەشتیارییەکان، دووەمیش ئەو باجانەن کە لە خاوەن پڕۆژەکان وەردەگیرێن، سێیەم داهات ئەو بڕە داهاتەیە کە راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ کەرتى تایبەت".
- "٦٥ پڕۆژەى گەشتیارى جیاواز بۆ پارێزگاکانى هەرێم ئامادەکراوە"
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، مەولەوى جەبار باسى لە پلانەکانى داهاتووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم کرد و گوتى: "تا ئێستا حکوومەتى هەرێم و دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم بەردەوام بوون لە خزمەتکردنى کەرتى گەشتیارى هەرێمى کوردستان، ئەمەیش رۆڵى بەرچاوى هەبووە لە بوژاندنەوەى کەرتەکە. لە ئێستادا ٦٥ پڕۆژەى گەشتیارى جۆراوجۆر بۆ پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ئامادە کراوە لە رووى ئەندازەییشەوە نەخشەو پلانیشى بۆ داڕێژراوە، پڕۆژەکان بەپێى هەڵکەوتەى جوگرافى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دابەش دەکرێن پڕۆژەى زستانە، هاوینە، شوێنەوارى و شوێنى کات بەسەربردن و هەموو جۆرەکانى دیکەى پڕۆژەى گەشتیارییەکان بۆ گەشتیاران لە ئایندەدا دەخرێتە حزمەت گەشتیارانى ناوخۆیی و بیانى".
گوتیشى: "ئەو پڕۆژە گەشتیارییانەى لە سلێمانى ئامادەکراون زۆر جیاوازن لەگەل ئەو پڕۆژانەى لە هەولێر نەخشەى بۆ دانراوە، بە هەمان شێوەیش پڕۆژەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک جیاوازترن لەگەڵ پڕۆژەکانى هەولێر و سلێمانى. مەبەستمان لە جیاوازى پڕۆژەکان زیاتر راکێشانى گەشتیارانە بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە گەشتیاران نایانەوێت پڕۆژە و شوێنى دووبارە ببینن، بەڵکو زیاتر خواستیان لەسەر شوێن و پڕۆژەى جیاوازە".
مەولەوى جەبار نایشارێتەوە کە توانا مرۆییەکانى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم وەک پێویست نییە بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەگەشتیاران و گوتی: 'لە پلان و کارى سەرەکى ئێمەدایە پاڵپشتى پەرەپێدانى تواناى کارمەندى کەرتى گەشتیارى بکەین، بۆ ئەو مەبەستەیش یاداشتێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکى جیهانى واژوو کردووە بۆ ئەوەى خوڵى راهێنان بەکارمەندانى کەرتى تایبەت بکات بۆ ئەوەى تواناکانیان بەرزتر بێت و لە هەمان کاتیشدا خەڵاتێکى جۆریمان پێشکەش بەو هۆتێلانە کردووە کە خزمەتى باشیان پێشکەش بەگەشتیاران کردووە".
news_share_descriptionsubscription_contact

