Hemin Hüseyin
18 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
پۆشاک سیمای شارستانییەتی هەر میللـەتێک نیشان دەدات و جلوبەرگی کوردیش یەکێکە لەو پۆشاکە دەگمەنانەی کە تاوەکو ئێستا مۆرکی شارستانیەتی پێوەدیارە و خەڵک لە بۆنە تایبەتەکاندا دەیپۆشن، لە ھەرێمی کوردستانیش سەرەڕای بۆنە تایبەتییەکان، ئەوا رۆژێکیش تایبەت کراوە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی کە دەکاتە ١٠ی مانگی ئازاری هەموو ساڵێک.
ماوەی سێ ساڵە بەهۆی هەبوونی قەیرانی دارایی خەڵک کەمتر جلوبەرگ دەکڕێت و بە ئەندازەیەک کە بازاڕی بەرگدرووەکان جۆرێک لە خەڵوەتی پێوە دیارە، ئەگەرچی نزیکەی هەفتەیەک ماوە بۆ جەژنی رەمەزان و ساڵانی پێشووش لەم کاتەدا بازاڕی جلوبەرگی کوردی جمەی دەهات بەڵام لە ئێستادا وەک بەرگدرووێک ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی هەبوونی قەیرانی دارایی خەڵک کەمتر خواستیان لەسەر جلوبەرگی کوردی هەیە، هاوکات کەسێکی دیکە کە پیشەی بەرگدرووە بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی سەرەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕی دروینی جلوبەرگ زۆر باشە و خەڵک خواستی لەسەر هەیە.
بەرگدروو، تەیب موسڵح خەیات لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە سستی بازاڕ کرد و گوتی: "ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، خواستی خەڵک کەمترە بۆ جلوبەرگی کوردی، بەشێکیش لە هۆکارەکەیشی بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێتەوە و بەشێکی دیکەش بۆ دانەبەزاندنی دەستحەقی بەرگدرووەکانە".
تەیب خەیات گوتیشی: "پێشتر قاتێکی باشی کوردی نرخەکەی دەگەیشتە ١٨٠ هەزار دینار، بەڵام ئێستا هەمان قات دەگاتە ١٢٠ هەزار، جگە لەوەش، ساڵانی پێشوو لە هەفتەی یەکەمی رەمەزان بە دواوە، دەرگای خواستی هاووڵاتییانمان دادەخست بەهۆی ئەوەی فریا نەدەکەوتین بۆ جەژن، بۆیە ئەوەی خواستی لەسەر جلوبەرگی کوردی هەبوایە، پێمان دەگوتن دوای جەژن دروینەکەی تەواو دەبێت، بەڵام ئێستا سەیر دەکەین کە نزیکەی یەک هەفتەی ماوە جەژن بەڵام بازاڕ هەر سستە و ئەگەر موشتەری هەبێت دەتوانین بۆ جەژن جلوبەرگەکەی بۆ تەواو بکەین".
ئەو بەرگدرووە ئاماژە بەوەش دەکات ئەمساڵ رێژەی موشتەرییەکان سەدا ٥٠ دابەزیووە لەچاو ساڵانی پێشوو. هەرچەندە شیوازی دروینی جلوبەرگی کوردی جۆرە و بەڵام بە گوتەی ئەو بەرگدرووە، دروینی شێوازی مرادخانی لە هەموو شێوازەکانی دیکە گرانترە.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە پیشەی بەرگدرووی دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕی جلوبەرگی کوردی سستی تێنەکەوتووە چونکە پێی وایە قەیرانی دارایی تەنیا توێژێکی کۆمەڵگای گرتووەتەوە ئەوانیش چینی مووچەخۆرانن.
بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی سەرەوە، بەرگدروو، حوسێن حاجی حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بازاڕی جلوبەرگی کوردی زۆر باشترە، من سەیری کارەکەی خۆم دەکەم، سەرەڕای هەبوونی تەنگژەی دارایی بەڵام کاریگەری ئەوتۆی لەسەر کاری ئێمە نەکردووە".
سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی پارچەکان و دەستحەقی درووینی جلوبەرگەکان، حوسێن حاجی حەسەن گوتی: "ئەوانەی نرخەکانییان زۆر گران بووە ئەوا دەستکاری نرخەکانمان کردووە و کەمتر بووەتەوە، بۆ نموونە یەک قاتی مەرەزی زاخۆیی نرخەکەی دەگاتە ٩٠٠ دۆلار بەڵام قاتی مەرەزی مەرگەیی دەگاتە ٣٠٠ دۆلار، چونکە نرخی پارچەکان لە شوێنی خۆی دابەزیووە و ئێمەیش نرخەکانمان کەمتر کردووەتەوە".
جلوبەرگی کوردی چەند شێوازێکی درووینی هەیە کە بریتین لە شێوازەکانی ستارخانی، مرادخانی، رانک و چۆغە، شاڵ و شەپک، دیموکراتی، کراس و ئێلەگ، پەستەک و کراس بە قۆپچە کە ئەمانەش بەپێی ناوچەکانییان دیاریدەکرێن.