Hemin Hüseyin
23 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2018
هەولێر - AA
کولتوور ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، ناسینەوە و پێناسەی ھەر میللەتێک بە کولتوورەوە بەندە، لە هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا پاراستنی کولتوور لەلایەن هەندێک کەسەوە بووەتە خولیا، تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە کەلوپەلە کۆنەکان لە شوێنێکی تایبەت کۆبکرێتەوە و ببێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی خەڵک و گەشتیاران.
پیاوێکی ریش ماش و برنجی، خەڵکی شاری هەولێرە، ماوەی زیاتر لە سی ساڵ دەبێت خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلە کۆنەکانە و لە شوێنێکی تایبەت دەیانپارێزێت، بەشێک لەو کەلوپەلانە تەمەنییان زیاتر لە سەد ساڵ دەبێت و رۆژانە خەڵکی ناوخۆیی و بیانی سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و وێنەی کەلوپەلە کۆنەکان دەگرن.
ئەو کەلوپەلانەی مامەڵەیان پێوەدەکرێت بریتین لەو کەلوپەلە تازانەی کە لەسەر شێوازی کۆن دروستکراون، خەڵک و گەشتیاران دەیکڕن یان هەندێک جار بۆ ماوەیەکی کاتی دەیبەن و دواتر دەیگەڕێننەوە، بەڵام هەرچی کەلوپەلە کۆنەکانە مامەڵەی پێوەناکرێت و تەنیا لەم شوێنە کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک رابکێشێت و لە لەناوچوون بپارێزرێن.
خاوەنی شوێنی کۆکردنەوەی کەلوپەلە کۆنەکان، کەریم حەسەن شێخانی تەمەن ٥٢ ساڵ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەستپێکردنی کارەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیم، کە خولیای کۆکردنەوەی کەلوپەلە کۆنەکان بووم، بەڵام پێش ئەوە من فۆتۆگرافەربووم و خەریکی گەڕان و وێنەگرتنی شوێنە دیرۆکییەکان و کەلوپەلە کۆنەکان بووم، دواتر دەستم کرد بە کۆکردنەوەیان و پاشان کەلوپەلەکان زۆربوون و بیرم لەوەکردەوە کە لە شوێنێکی تایبەت کۆیانبکەمەوە بۆ ئەوەی خەڵک سەردانییان بکات".
کولتووری کوردی لە لایەنی کەرەستەیی و لە لایەنی واتاییەوە زۆر دەوڵەمەندە بەجۆرێک لە لایەنی کەرەستەییەوە، کە بە کەلەپوور ناسراوە، مێژووێکی کۆنی ھەیە، کاتێک یەکەم جار ژیانی کشتوکاڵ دەستی پێکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی پەرەپێدانی ئامێرەکانی کشتوکاڵ، جگە لەمەش، کاری دەستی کوردەواری گرنگی زۆری پێدراوە، وەک رستن و چنین و ئێستاش لەم شوێنەدا کاری دەستکرد بەردەوامە بۆ هێشتنەوەی بەشێک لەو کەلوپەلانە بە زیندوویی و لەمبارەیەوە کەریم شێخانی گوتی: "بەشێک لەو کەلوپەلانە خواستی زۆری لەسەرە بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە کەلوپەلە کۆنەکان نافرۆشین، ئەوا جۆرێکی هاوشێوە لە رێگای کاری دەستییەوە دروست دەکەین و دەیفرۆشینەوە".
لەبارەی چۆنیەتی دەستکەوتنی کەلوپەلەکانیش، کەریم حەسەن گوتی: "زۆربەی کەلوپەلە بەهاکان لە خەڵک کڕیوومە، بەشێک لەو کەلوپەلانە تەمەنییان زیاتر لە سەد ساڵ دەبێت و ئەمەش رۆژانە سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت و تەنیا بۆ سەیرکردنە و نافرۆشرێن چونکە رەنگە لە دوارۆژدا میللەتەکەمان سوودی لێ وەرگرێت و کولتوورەکەمان بە زیندوویی بمێنێتەوە".
ئەم شوێنە بریتییە لە خانوویەکی سێ ژووریی کە سەرجەم کەلوپەلەکانی لێ نمایشکراوە و یەکێک لە ژوورەکان چەند دانەیەک تفەنگی کۆنی لێیە کە مێژووەکەی بە تەواوی نازانرێت، هاوکات چەند دانە سەماوەری چاخواردنەوەی لێیە کە تەمەنییان زیاتر لە سەد ساڵ دەبێت و دروستکراوی وڵاتی روسیایە. لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، کەریم شێخانی گوتیشی: "ئێرە چەکی کۆنی لێیە لە جۆری بڕنۆ و چەکی کۆنی دیکەیشی لێیە کە مێژووەکەی زۆر کۆنە و تەنیا بۆ نمایشکردن دامانناوە و ئەم شوێنە ماڵی هەمووانە و هاتنەژوورەوە و سەیرکردنی کەلوپەلەکان بە خۆڕاییە و بەپێی کات ژمارەی سەردانیکردن بۆ ئەم شوێنە کەم و زیاد دەکات".
لەبارەی هەماهەنگی و پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، کەریم شێخانی گوتی: "پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ شوێنەواری هەولێر هەیە و ئاگاداری کار و چالاکییەکانی یەکترین، بەگشتی ناهێڵین کەلوپەلەکانمان بفەوتێن بەڵام جاری وا هەبووە گوێبستی ئەوە دەبین کە شتێکی کۆن لە شوێنێک لەناوچووە و ئەمەش نیگەرانمان دەکات و ناخۆشترین حاڵەتە بۆ ئێمە".
کەریم شێخانی، تاکە داواکاری لە حکوومەتی هەرێم ئەوەیە کە رێز لە کولتوور و کەلەپوور بگیرێت و لە لەناوچوون و فەوتان بیانپارێزێت بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە.