Azat Muhammet
11 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2017
دهۆک-AA
ئەمڕۆ کاتژمێر پێنجى ئێوارە یەکەم رۆژى فیستیڤاڵى کولتوورى بە پیشاندانى چەندین پێشانگاى کولتوورى کوردى کە هەر پێشانگایەک گوزارشتى لە دەیان کولتوورى رەسەنى کوردى دەکرد، دواى پییشاندانى هەریەکە لە پێشانگاى کولتوورى و شێوەکارى، شانۆکاران بە شانۆکانیان کولتوورى کۆنى کوردییان وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە.
لە فیستیڤاڵەکە منداڵانى شانۆکار بە شانۆ و گۆرانى گوتنەوە منداڵانى ئامادەبووییان خستبوویە جۆش و خرۆش و دەربڕینى کەیف و سەفا، لەگەڵ ئەوەشدا گروپى کولتوورى کە لە تیپەکانى ئازادى، نهێلى و باتیفا پێکهاتبوون چۆنیەتى گوزەرانى هاووڵاتییانى کوردیان لە سەدەى رابردوو نمایش کرد، کە بەشێک لە نمایشەکان پێکهاتبوون لە چۆنییەتى دوروێنەکردن بە هەرەوەزى و هەروەها ژن و ژنخوازى بەشێکى دیکەى کار و چالاکییەکانى ئەم گرووپە بوون.
ئیدارەى پارێزگاى دهۆک هاوشان لەگەڵ وەزیرانى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دواى گەڕانێکى زۆر بە نێو پێشانگا کولتورییەکانى فیستیڤاڵەکە، لە کاتژمێر حەوتى ئێوارە رێوەڕەسمى بەڕێوەچوونى فيستیڤاڵەکە بە فەڕمى دەستى پێکرد، دواى وەستانى خولەکێک وەک رێز لێنان لە گیانى شەهیدان لەگەڵ مارشى نەتەوەیی ئەى رەقیب، بەڕیوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى پارێزگارى دهۆک، ئەیوب رەمەزان بەخێرهاتنى میوانان و ئامادەبووانى کرد و گوتى: "پێش هەموو شتێک سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین و سوپاس بۆ ئەو پێشمەرگانەى کە ئێستا لە بەرەکانى جەنگدان لە سایەى ئەوانەوە کولتوورى هەموو گەلان پارێزراوە".
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى پارێزگاى دهۆک، ئەیوب رەمەزان باسى لە ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان کرد و گوتیشى: "لەم فیستیڤاڵەدا دەڵێن بۆ ریفراندۆم و بەڵێ بۆ یەکڕێزى گەلى کورد، بەڵێ بۆ پاڵپشتى کردنى پڕۆژەى سەربەخۆیی و دەوڵەتى کوردى، هەروەها داواى لە هەموو چین و توێژەکان و دامودەزگاکان کرد کە گرنگى بە کولتوورى خۆمان بدەین و بیپارێزین، چونکە کولتوور رۆحى کۆمەڵگایە ، کۆمەڵگا بەبێ رۆح نابێت".
زۆرینەى بەشداربووان تایبەت ئەو گرووپ و بەرپرسانەى کار وچالاکییان هەبوو وەک نیشاندانى بەشێک لە کولتوور بە جلوبەرگى رەسەنى کوردى بەشدارییان لە فیستیڤاڵى کولتوور کرد. لە فیستیڤاڵەکەدا چەندین جۆر خواردنى کوردى بۆ بەشداربووان ئامادەکرابوو.
لەسەر ئاستى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان چەندین گرووپى هونەرى بەشدارى فیستیڤاڵەکە بوون کە لە شارەکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک، کەرکوک هاتبوون، لەسەر ئاستى دەروەى هەرێمیش چەندین گرووپى هونەرى کوردى لە ئێران، سووریا و تورکیا بەشدارى فیستیڤاڵەکەن، هەر گرووپێک چەندین جۆرى شایی و هەڵپەڕکێ ئەنجامدا، چەندین گۆرانیان بە چەندین زاراوەى کوردى بە گوێى ئامادەبوواندا چرپاند.
یەکەمین جارە فیستیڤاڵى کولتوورى بەم شێوە لە پارێزگاى دهۆک بەڕێوە بچێت، ئەم فیستیڤاڵە بۆ ماوەى دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، بە وەتەى سەرپەرشتیارانى فیستیڤاڵەکە هەموو ئامانجێکییان بەرز راگرتنى کولتوورى کوردییە. هەر لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادەبووان پێکەوە بەیەک دەنگ دروشمى بەڵێ بۆ ریفراندۆمیان بڵند کردەوە.