ھەولێر
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلام دەڵێت ئەو کڵێسایە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێ لە دەرەوەی رێنماییەکانیان کاردەکەن.
مورتەزا موحەمەد یەعقوبی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ی تارانە، دوای ٥٢ ساڵ موسڵمانێتی ساڵی ٢٠٠٥ دەبێتە فەلە و ھەموو ئەندامانی خێزانە چوارکەسییەکەشی دەبنە فەلە.
مورتەزا، بەقسەی خۆی، لە ساڵی ٢٠٠٣ خەون بە عیسای مەسیحەوە دەبێنێت و ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ چوونە نێو ئاینە نوێیەکەی، لەمبارەیەوە مورتەزا بۆ AA گوتی: "شەوێکی ساڵی ٢٠٠٣ خەونم بینی کەسێک ھەموو گیانی رووناکی بوو کە خواوەند عیسا بوو و پێیگوتم ئیشم پێتە، ئیتر ئەمە سەرەتای بیرکردنەوەم بوو لە گۆڕینی ئاینەکەم."
ئەو بەدرێژایی چەندین ساڵ بیری لەوەکردووەتەوە کە بۆچی بە زمانی عەرەبی خوا بپەرستێت لەکاتێکدا زمانی ئەو نییە، دەشڵێت: "من ئەوکاتمی موسڵمان بووم نوێژم دەکرد و خوام دەپەرست، بەڵام ھیچ لە پەرستنەکەم تێنەدەگەیشتم، بەڵام ئێستا ستایش و سوپاسەکەشم و نوێژەکانیشم لە مەسیحییەتدا بەزمانی فارسییە."
بەھۆی لایەنگیریی بۆ حکومەتی پەھلەویی محەمەد رەزا شا و دژایەتیکردنی رژێمی ئێران، مورتەزا لە ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧زیندایی کراوە و پاشان ١٠ ساڵ مانەوەی بەزۆری بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٧ بە قاچاخ بەرە و ھەرێمی کوردستان ھەڵدێت.
مورتەزا ئێستا بەرپرسی بەشی فارسی کڵێسای کوردیزمانە، ئەو کڵێسایە لەساڵی ١٩٩٨ بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم دامەزراوە و تایبەتە بەو کەسانەی ئاینی خۆیان دەگۆڕن و دەبنە فەلە، لە سێ بەشی فارسی، کوردی، عەرەبی پێکدێت و بەرپرسی ئەم سێ بەشە ئەنجومەنی کڵێساکە پێکدەھێنن.
مورتەزا کە بەرپرسی بەشی فارسییە ئاشکرایکرد لەوەتەی دەستیان بەکارکردووە لەبەشەکەیاندا لە ساڵی ٢٠٠٦، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەسەر دەستی ئەوان بوون بە فەلە کە زۆربەیان ئێرانین و جوویەکیشیان تێدایە، دەشڵێ: "لە دامەزراندنی ئەو کڵێسایەوە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ھەرسێ بەشەکە بوون بە فەلە لەکوردستاندا کە زۆرینەیان پێشتر موسڵمان بوون."
ئەو کەسەی دەبێت بە فەلە لەم کڵێسایە یەکەم جار لە ئاوێکی شلەتێندا بە جلەوە ھەڵدەکێشێرێت و دواتر چەند ئایەتێکی ئینجیلی بەسەردا دەخوێنرێتەوە و ئینجا رێورەسمێکی تایبەتی بۆ دەکرێت و ھەمووان پیرۆزبایی ھاتنەنێو ئاینی نوێی لێدەکەن لە کڵێسا.
شەیدا مانجۆی ٤٢ ساڵ، پێش دەستپێکردنی نوێژخوێندنی شەممە بە نیو کاتژمێرێک لەریزی پێشەوەی کورسییەکانی کڵێسای "راھی زیندەگی"ی نێو کڵێسای کوردیزمان دانیشتبوو و ئایەتەکانی ئەو ئینجیلە فارسییەی دەخوێندەوە کە لەسەری نووسرابوو" ئینتیشارات ئیلام"، وەک ئاماژەیەک بۆ چاپکردنی ئینجیلەکە لە ئێران.
تێکەڵیی خانەوادەکەی شەیدا لەگەڵ دراوسێ فەلەکانیان لە ئێران ھۆکارێک بووە بۆ ئاشنابوونی شەیدا لەگەڵ ئاینی مەسیحییەت.
ئەوەی شەیدای پەشیمانکردەوە لە ئاینەکەی پێشتری ئیسلام بە قسەی خۆی ئەو نارەحەتییە دەروونییە بوو بەھۆی زۆری کێشەکانییەوە، کەچی پاش بوونی بە فەلە بەگوتەی خۆی دەڵێت: "زۆر کێشەکانم نەمان و ئێستا لەرووی دەروونییەوە زۆر ھەست بە ئارامیی دەکەم."
مەسیحییەکان لەھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمدا ھەن، بەڵام ھیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی ئەوان نییە، بەشێکی ئەو مەسیحییانەش لە کارەکانی کڵێسایکوردیزمان نیگەرانن کە کاری تەبشیری دەکات.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان خالید جەمال ئەلبیر بۆ AA گوتی: "کڵێسای کوردیزمان ھیچ پەیوەندیەکی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە و ھیچ زانیارییەکمان لەسەر کارکردنیان نییە."
وەزارەتی ئەوقاف لە ساڵی ٢٠٠٨ چەند رێنماییەکی لە ١٧ خاڵدا بۆ کارکردنی کڵێسا ئینجیلییەکان داناوە، لەوانە روونکردنەوەی پڕنسیپ و باوەڕی و دیاریکردنی سەرکردەکانی، دیاریکردنی سەرچاوی دارایی، ئەوەی دەبێتە قەشەی کڵێساکە عێراقی بێت، نابێت ئەندامانی کڵێسا لە ٥٠ کەس لە سەروو ١٨ ساڵییەوە کەمتربن، پابەندبوون بەرێزگرتنی ئاین و بۆچوونەکانی دیکە، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەکاتی بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکان.
بەپێی قسەکانی ئەلبیر کڵێساکە پابەندی ئەو رێنماییانەی ئەوان نین، چەند جارێکیش ھاتوون تا پابەندبوونی خۆیان رابگەیەنن، بەڵام وەڵامیان نییە.
خالد ئەلبیر گوتیشی "ئەو کڵێسایە زۆر سکاڵای لەسەرە لەلایەن خەڵک و پیاوانی ئاینی مەسیحییەوە، بەڵام ھەرچی کاتێک بەفەرمی سکاڵای لەسەر بکرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەین".
مورتەزا محەمەد یەعقوبی، لەبارەی رێورەسمە ئاینییەکانییانەوە کە ھەموو ئێوارانی شەممەیەک دەکرێت دەڵێت"باسی خوداوەند عیسای مەسیح و زیندووبوونەوەی، گوناھباربوونی مرۆڤ دەکەین لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزی ئینجیل".
کڵێسای کوردیزمان بە پێی قسەکانی مورتەزا بە توندی پێداگری لە رێزگرتن لە ئاینەکانی دیکە دەکاتەوە و دەڵێت" ئێمە ئەگەر باس لە ئاینەکانی دیکەش بکەین لە کڵێساکەماندا بەرێزەوە باسیان دەکەین و دژایەتی ھیچ ئاینێک ناکەین، چونکە باوەڕمان بەپێکەوەژیانی ئاینەکان ھەیە."
گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی جەعفەر گوانی کڵێسای کوردیزمان بە گەورەترین گرفت ناودەبات و دەڵێت: "ئەگەر رێگری لێنەکرێت و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، دەبنە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئایندەی ھەرێم، چونکە کڵێساکە کار لەسەر خاڵە جیاوازەکان دەکات و درز دەخاتە نێو پێکەوە ژیانی نێوان موسڵمانان و مەسیحییە رەسەنەکانی ھەرێم."
جەعفەر گوانی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئاماری وردیان لەبەردەستدایە لەبارەی موسوڵمانبوونی زۆر لەپەیڕەوانی ئاینەکانی مەسیحی، ئێزیدی، سابیئە، لەسەر دەستی ئەوان، بەڵام لەبەر ھۆکاری خۆیان ئامادە نین لە راگەیاندن بڵاوی بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "ھەفتە نییە چەند کەسێک موسڵمان نەبن، تەنانەت لەو موسڵمانانەشی بوون بەمەسیحی."
بەقسەی جەعفەر گوانی چەندین سەربازی ئەمریکییش لەوانەی کە لەعێراق خزمەتی سەربازییان ھەیە و ھەبووە پێشتر لەسەر دەستی ئەوان موسوڵمانبوونیان راگەیاندووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

