ھەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فەلاح مستەفا کە پەیوەندییە دەرەکییەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی بیانی رێکدەخات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ AA ئاشکرایکرد نووسینگەی حکومەتی ھەرێم لە ١٤ وڵاتی جیھان ھەیە.
لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە رابردوودا بەشێوەیەکی فەرمی داوای کردنەوەی نووسینگەمان لە تورکیا نەکردووە، بەڵام لەماوەکانی داھاتوو ئەو داوایە دەخەینە بەردەست بەرپرسانی ئەو وڵاتە."
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم باسی ھۆکاری داوانەکردنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە چاوەڕوانییان کردووە پەیوەندییەکانی ھەردوو لا بگاتە ئاستێکی پێشکەوتووی وەکو ئێستا و گوتی: "ئێستا پەیوەندییەکانی ھەردوولا لەوپەڕی پەرەسەندن و باشیدان و کاتێکی گونجاوە بۆ کردنەوەی نووسینگەی حکومەتی ھەرێم لەو وڵاتە."
پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا بەرەو پتەوبوونی زیاتر دەڕوات، نەوتیش بایەخی ھەرێمی لەلای تورکیا زیاترکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەرێم نەوتی خۆی لە رێگەی بۆرییەک بەناو خاکی تورکیادا دەنێرێتە ئەوروپا.
مستەفا لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، بۆ تورکیا ھێمای بۆ تۆکمەتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی ھەرێمی کرد و گووتی: "وەکو دوو وڵاتی دراوسێی یەکتر ئێستا ئەو سەردانانە زۆر ئاسایین و چەندین جار دووبارەبوونەتەوە و دەبنەوە. سەردانەکە پێش رۆیشتنی سەرۆکی ھەرێم لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرا دەکرێ."