لەندەن
دکتۆر فاتیح بیرۆڵ، گەورە ئابوورییناسی تورک و ئەندامی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی IEA دەڵێ گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق بە رێگای تورکیادا، بۆ ئەنقەرە گرنگ و ستراتیژییە.
دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتی خەمڵاندنی وزەی جیھانی لە لەندەن، بیرۆڵ وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری AA ی دایەوە.
فاتیح بیڕۆڵ لەبارەی ھێڵی نەوتبەری عێراق بۆ تورکیا گوتی: "کڕینی نەوت و غازی سروشتی عێراق لەلایەن تورکیا بۆ وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی، زۆر زۆر گرنگە، ھەروەھا بۆ گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتیش زۆر گرنگە. ئەمە تورکیا ھەنگاوی یەکلاییکەرەوەیە. بە پەرۆشیەوە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەین کە نەوتی ھەرێمی کوردستانی عێراق و باشووری عێراق بە رێگای تورکیا دەگوازرێتەوە، ئەوە بۆ تورکیا رۆژێکی مێژوویی دەبێ، چونکە لە رووی ستراتیژییەوە نیشانی دەدا تورکیا ھەنگاوێکی گرنگی ھاویشتووە."
لەسەر ئاستی جیھان و گرنی وزە بیرۆڵ گوتی: "لە سێ ساڵی رابردوو بەرھەمی نەوتی ئەمریکا زیادیکرد ئەمەش تەنیا بۆ ئەمریکا ھەواڵێکی خۆش بوو، کاتێ سەیری وڵاتانی دیکەی جیھان دەکەین، بەتایبەتی چین و ھیندستان لەئاسیا ھەروەھا تورکیا و وڵاتانی ئەوروپاش خواست لەسەر نەوت زۆر تربووە، بەشێکی گەورەی ئەو خواستەیش پێویستە لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دابین بکرێ. بۆ ئەمە وەکو ھەندێک دەڵێن بەرھەمھێنانی پەترۆڵی بەرد لە ئەمریکا نایەت واتای ئەوەی گرنگی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەمدەبێتەوە. لەوانەیە تەنیا بۆ ئەمریکا بارودۆخ گۆڕانی بەسەر داھاتبێ، بەڵام بۆ بەشەکانی دیکەی جیھان ھێشتا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەمڕۆ و ھەروەھا لە داھاتووش دڵی پیشەسازیی نەوتە لە جیھاندا."
بیڕۆڵ جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان چاوەڕوانی دابەزینی نرخی نەوت ناکەن و نرخی لە دەوروبەری ١٠٠ دۆلار دەمێنێتەوە، سەردەمی نرخی ھەرزان بەسەرچوو. بۆ سەرەوە یان بۆ خوارەوە نرخ دەجوڵێ، سەرەڕای ئەوەش پێیوایە نرخ لە دەوروبەری ١٠٠ دۆلار دەمێنێتەوە.
بیڕۆڵ گوتی: "ئەو ئابوورییناس و کۆمپانیانەی پێیانوایە دوای بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن ئەمریکا، ئیتر پێویستی بە نەوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەماوە، لەچەند روانگەیەکەوە ھەڵەیە کاتێ ئەو پەیامە دەدەن وەبەرھێنەرانی نەوت لەوێ لە وەبەرھێنان پەشیمان دەبنەوە، ئەوەش تا دوایی مەترسیدارە. لەم روانگەیەوەدەبێ پەیامی درێژە بە وەربەھێنان بدەن بۆ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست راستە. چونکە لەمەودوا کڕیاری سەرەکی ئەمریکا نییە، بەڵکو چین، ھیندستان، تورکیا، ئەندەنوسیا و وڵاتانی دیکە دەبن، ئەوانە چاوەڕێی نەوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن."