Firdevs Yüksel
04 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2021
ئیستانبوڵ - AA
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ٦٧ دۆلار و ٨٢ سەنت و رۆژەکەی بە ٦٧ دۆلار و ٥٦ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٣٤ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بەڕێژەی سەدا ٠،١٨ دابەزینیان بەخۆوەبینی و یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٦٧ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە هەمان کاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٤ دۆلار و ٣٩ سەنت فرۆشرا.
دەستپێکی کەمکردنەوەی رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکا، پێشنیازی کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی گەشت لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و هەڵکشانی بەرچاوی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەتایبەت لە هیندستان وایان کردووە نرخی نەوت بەناجێگیری بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ویلایەتەکانی نیویۆرک، نیوجێرسی و کۆنێکتیکەت لە ئەمریکا کە زۆرترین کاریگەری پەتای کۆرۆنا-یان لەسەربوو، دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لە ١٩ی ئایارەوە کۆتایی بە رێوشوێنەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەهێنن و سەرجەم شوێنە گشتییەکان بە هەمان شێوازی پێش کۆرۆنا دەکرێنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا داوای کردووە یەکێتییەکە سنووردارکردنی گەشت لەسەر ئەو گەشتیارانە هەڵبگرێت کە هەردوو دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا-یان وەرگرتووە.
لە بەرامبەردا هیندستان کە سێیەم گەورە بەکارهێنەری نەوتە لە جیهاندا کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی پەتای کۆرۆنا و ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر نەوت دروستکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٥٧ هەزار و ٢٢٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراون و لەئێستادا ژمارەی تووشبووانی پەتاکە گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن و ٢٨٢ هەزار و ٨٣٣ حاڵەت، هەروەها سێ هەزار و ٤٤٩ تووشبوو لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٢٢ هەزار و ٤٠٨ کەس.