Hamit Hüseyin
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
پەرلەمانتاری تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف سەبارەت بە رەوشی کەرکووک و پرسی بە ھەرێمکردنی ئەو شارە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک پێکھاتە و بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێن ناکرێت لە ئێستادا باس لە بە ھەرێمکردنی کەرکووک بکرێت لەبەر ئەوەی خەڵکی کەرکووک و ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گرفتی لەمە گەورەتریان ھەیە ئەوەیش بابەتی شەڕی داعشە کە بۆ ھەموو لایەک کێشەیە بە تایبەتی بۆ تورکمان، کورد، شەبەک و ئێزدی کە لەو ناوچەیە پێکەوە دەژین".
ئایدین مەعروف گوتیشی: "کەرکووک بابەتێکی زۆر گرنگ و ھەستیارە، دەبێت دوای نەمانی داعش باس لە پرسی کەرکووک بکرێت، ئێمە وەک جبھەی تورکمانی، کەرکووک بە شارێکی گرنگ و ستراتیجی و شاری روشنبیری تورکمانی دەزانین و دەبێت دوای شەڕی داعش مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکرێت".
لە بارەی پاراستنی کەرکووک لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە، ئایدین مەعروف گوتی: "ھاتنی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە کارێکی زۆر باش بوو بەڵام ناکرێت ھیچ ھێزێکی عێراقی یا ھەرێمی کوردستان کە ناوچەیەکی رزگار کرد مەرامی سیاسی بە دوای خۆیدا بھێنێت، ھەبوونی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچەیە بەرز دەنرخێنین و پێشمەرگە لەو ناوچەیە پشتیوانی لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات و پێشمەرگە لەو ناوچانە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزی عێراقی و ھێزی تورکمانی ھەیە و داواکارم کە ھەموو لایەنەکان لەگەڵ پرسی کەرکووک بەرپرسیارانە بجولێنەوە".
لە کۆتاییدا ئایدین مەعروف گوتی: "ئێمە بۆ ئەو پرسە لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا لە ھەولێر و بەغدا و ھەروەھا کۆنسوڵخانەکان کۆبووینەوە و ھەموو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ھێشتا کاتەکەی زووە باس لە پرس بە هەرێمکردنی کەرکووک بکرێت".