Cemal Sargati
26 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2017
سلێمانى
رۆژنامەنووسانی سلێمانی بۆ دەربرینى هاوخەمى بەهۆی شەهیدبوونی راگهیاندنكار و رۆژنامهوانی تۆڕی میدیایی رووداو، شیفا گهردی کە رۆژی شەممە لە شارى مووسڵ بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى چێندراوە شەهید بوو،هەروەها وێنەگرەکەشى بەناوى یونس مستەفا برینداربوو، هاوخەمییان دەربڕی .
بەڕێوەبەرى نووسینگەى سلێمانى تۆڕى میدیایى رووداو، کاوە ئەمین بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "ژمارەیەکى زۆر لە رۆژنامەنووسانى شارى سلێمانى بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی شیفا گەردى کۆبوونەوە و چەند ساتێک بە بێدەنگى راوەستان و هاوخەمییان دەربڕى".
گوتیشى: "هاتنى رۆژنامەنووسان بۆ بەردەم نووسینگەى رووداو ئەوە نیشان دەدات کە رۆژنامەنووسان پاڵپشتى یەکترن، سوپاسیان دەکەین بۆ دەربڕینی هاوخەمییان".
کاوە هیواشى خواست ئەمە دواخەم بێت و بتوانن ئەو پەیامەى شیفا گەردى هەیبووە بیگەیەنن و بە هەموویانەوە تەواوى بکەن، وەک خۆشى دەڵێت شیفا کۆمەڵێک چیرۆکى هەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لە تەواو کردنى ئەو چیرۆکانە.
بەڕێوەبەرى نووسینگەى سلێمانى تۆرى میدیایى رووداو گوتیشی: "کۆبوونەوەی رۆژنامەنووسان لەم کاتەدا و دەربڕینى هاوخەمى بۆ شەهید شیفا، پەیامێکى مرۆڤانە و کوردانەیە.
رۆژنامەنووس، هاوڕاز ئەحمەد بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "ئێمە وەک رۆژنامەنووسانى شارى سلێمانى بە سەرجەم دەنگ و ڕەنگەکانەوە،هەروەها وەک وەفایەک بۆ گیانى پاکى شەهید شیفا گەردى لەبەردەم نووسینگەى سلێمانى تۆڕى میدیایى رووداو کۆبووینەوە هاوخەمی بۆ شەهید بوونی هاوڕێ و هاوپیشەکەمان دەردەبڕین. زۆر دڵگرانین بە شەهید بوونى شیفا گەردی".
گوتیشى: "شەهیدبوونى شیفا گەردى زیانێکى گەورەبوو لە میدیایى کوردى و بەتایبەت لە رۆژنامەنووسانى ئافرەت، جێگەى نیگەرانییە رۆژنامەنووسان لەبەرەکانى جەنگ شەهید دەبن و پێویستیشە ئەمە ببێت بە وانەیەک بۆ لایەنى پەیوەندیدار کە رۆژنامەنووسان روماڵى جەنگ دەکەن پێویستە ژیانیان پارێزراوبێت".
رۆژنامەنووس، هاوڕاز ئەحمەد ئەوەشى گوت:"ئێمە وەک رۆژنامەنووسى ئافرەت لە خەباتى رۆژنامەنووسى بەردەوام دەبین و درێژە بە کاروانەکەى شیفا گەردى دەدەین، ئەوەى شیفا تەواى نەکرد ئێمەى رۆژنامەنووسى مێینە تەواوى دەکەین".