Müslüm Etgü,Abdullah Shukur
24 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
ئورفا - AA
بیبەری رەنگ سووری توون کە بە یەکێک لە سیمبولەکانی شاری ئورفا دادەنرێت و ھاووڵاتییان ناتوانن واز لە خواردنی بێنن، لەئێستادا پێگەیشتووە و کاتی رنینەوەیەتی.
لە شاری ئورفای تورکیا کە بە دەوڵەمەندی لە ھەمەچەشنی کولتووری خواردن ناسراوە، بەرھەمی بیبەری توون لە دوای قۆناغێکی درێژ و سەخت لە ژێر گەرمای بەتینی ھاوین، کەوتە بازاڕەکانی ئەو شارە.
بیبەری سووری توون کە لە وەرزی بەھار دەچنێنرێ و لە دوای چاودێریەکی زۆر لە مانگی ئاب پێدەگات بەروبوومەکەی لێ دەکرێتەوە و بە بارھەڵگری تایبەت دەگوازرێنەوە بۆ بازاڕەکانی ئورفا.
بیبەری ئاسایی لە سەرەتادا لەلایەن بەرھەمھێنەران لە بازاڕەکان دەکڕدرێت و پاشانیش ئافرەتان دەستدەکەن بە خاوێنکردنەوە و شوشتنەوەی ئەو بیبەرانە.
بەھۆی توونی بیبەرەکانەوە بەدەست دوولەت دەکرێن و بۆماوەیەک لەبەر تیشکی خۆر دادەنرێن، دواتریش بە ئامێری ھاڕین ورد دەکرێت و تۆزی بیبەری لێدروست دەکرێت.
ھەر لە دوای ئەم ھەنگاوە لەگەڵ زەیتی زەیتوون تێکەڵ دەکرێت و رەنگ و تامێکی ناوازەی دەبێت، بیبەری توونی سوور دوای ماندوبوونێکی زۆر ئامادە دەبێت بۆ سەر سفرە و خوانەکان.
ھاوکات کرێکارانی بەرھەمھێنانی بیبەری توون لە ژێر ٤٠ پلەی سیلیزی خۆر کار دەکەن و ھەوڵی بەرھەمھێنانی بەتامترین بیبەری توون دەدەن.
بیبەری توون کە سیمبولی بێ وێنەی شاری ئورفەیە بە درێژای ساڵ لە دووکانەکانی بەھارات دەستدەکەوێت و نرخەکەشی بەپێی کوالیتیەکەی لە نێو ٣٠ تا ٥٠ لیرە بۆ ھەر کیلۆیەک دەگۆڕێ.
عیسا ئشکای کە ساڵانێکی زۆرە بەرھەمھێنەری بیبەری توونە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەر لە ٣٢ ساڵ باوکی دەستی بەم کارە کردووە و ئێستاش ئەوان درێژەی پێدەدن.
ئشکای راشیگەیاند کە ئەوان لە سەرەتادا لە سەربانی خانووەکانیان دەستیان بە بەرھەمھێنانی بیبەری توون کردووە، بەڵام بەھۆی زۆری داواکارییەکان زەوییەکی کشتوکاڵیان بە کرێ گرتووە و کارەکەیان فراوانتر کردووە.
عیسا ئشکای ئەوەشی خستەڕوو کە بیبەری سووری توون لە ژێر پلەی گەرمی بەرز بەرھەمدەھێنرێت و بۆ ماوەی چوار مانگ دەخایەنێت.
ھاوکات توبا ئاجاری تەمەن ١٣ ساڵ کە لەگەڵ دایکی خەریکی خاوێنکردنەوەی بیبەرە گوتی: "سەرەڕای گەرمی پشووی ھاوین، بەڵام کارەکەم بە دڵخۆشییەوە دەکەم و بەم ھۆیەوە خەرجی خۆم و خێزانەکەم پەیدا دەکەم".