Aşkın Kıyağan,Ramal Abdullah Mahmood
27 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2018
ڤیەننا – AA
سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نەسر حەریری رایگەیاند، بەشداری ناکەن لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە لە سۆچی ئەنجام دەدرێت.
دوای کۆبوونەوە دوو رۆژییەکان لەبارەی رەوشی سووریا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نەسر حەریری، بۆ میدیاکان دوا.
حەریری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە دوێنێوە پێداگیری پرۆسەی راگوزەری سیاسیی رژێمی سوریا کۆتایی هاتووە. ئاماژەی بەوەشدا کە وەک ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا، تورکیا و وڵاتانی دیکە لە ڤیەننا کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجام داون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا بەوردی تاوتوێی ئەگەری ئەنجامەکانی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیان لە سۆچی کردووە و گوتی: "بڕیارمان داوە نەچینە سۆچی. لەو چەند مانگەی دواییدا گەلەکەمان قسەی خۆیان هەبوو بۆ ئەوەی بەشداری تیادا نەکەین. دانوستانەکانی پرۆسەی راگوزەری سیاسیی لە جنێڤ بەردەوام دەبێت".
حەریری لە وەڵامی پرسیاری میدیاکارێکیش لەبارەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون گوتی: "پەیەدە کێشەیە بۆ خەڵکی سووریا. ئەوان میلیشیایان هەیە کە مافی هاووڵاتییانی سڤیل پێشێل دەکەن".
سەرۆکی شاندی باڵای دانوستانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نەسر حەریری جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لە دژی هەموو ئەو رێکخراوانەن کە ئامانجیان ئەوەیە سووریا دابەش بکەن.