Hakan Çopur
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردەوە لە ٢٧٤ ئۆپەراسیۆندا بۆسەر پەکەکە لە ٢٦ی کانوونی یەکەمەوە تا ٢ی کانوونی دووەم، تەرمی ٢ چەکداری رێکخراوەکەیان دەستبەسەردا گرتووە، ١٩ چەکدار خۆیان رادەستکردووەتەوە و ٥ چەکداریان دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی یەک ھەفتەی رابردوودا، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کە لەسەرانسەری وڵاتدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراوە، تەرمی ٢ چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دەستبەسەردا گرتووە، ١٩ چەکدار خۆیان رادەستکردووەتەوە و ٥ چەکداریان دەستگیرکردووە.
ھاوکات بەتۆمەتی ھاوکارییکردنی پەکەکە/کەجەکە ٣٤٢ کەس دەستگیرکراون کە ٣٤یان بڕیاری دەستبەسەرکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرکراوە.
لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیشدا ١١ شوێنی مانەوەی چەکدارانی پەکەکە و ئەشکەوت، ٣٠ مین و بۆمبی دەستکرد، ٧٨٠ کیلۆگرام تەقەمەنی، ٣٥ نارنجۆک و ٣٢ پارچە چەک کە ٨یان پارچە چەکی قورسن، دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە ئۆپەراسیۆنەکانیشدا بۆسەر سەرچاوەی دارایی رێکخراوە تیرۆریستیەکە، ٥ ھەزار و ٧٦٩ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر، ٢٢ کیلۆگرام ھێرۆرین، ١٦ کیلۆگرام ئەفیۆن، ٣٨ ھەزار و ١٧٥ دانە حەب کە بەھاکەیان دەگاتە ٢٥ ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار و ٣٤٠ لیرەی تورکی، دەستی بەسەردا گیرا.
ھاوکات بە بەھای ١٠ ملیۆن و ٥٨١ ھەزار و ٥٨٨ لیرە جگەرەی قاچاخ و سووتەمەنی دەستی بەسەردا گیراوە. ٣٩٠ کەسیش لەوبارەیەوە دەستگیرکراون.
لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا، ٢ ھەزار و ٢٥٨ کۆچبەر دەستگیرکراون کە ٧٦یان لە دەریادا دەستبەسەرکراون. ھاوکات ٥٢ قاچاخچی دەستگیرکران کە ٢٠یان لەلایەن دادگاوە فەرمانی بەندکردنیان بۆ دەرچوو.
- بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ و داعش
بەھۆی بوونی پەیوەندی بەڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، ١٤٧ کەس دەستگیرکران کە ٢٥یان دەستبەسەرکران. لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی فەتۆشدا لە کۆی ٤٧٥ کەس کە دەستگیرکرابوون، ١١٦یان دەستبەسەرکران.