Mustafa Güngör
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
ئیزمیر- AA
لە چوار رۆژی دەسپێکی ساڵی نوێدا، ٣١٨ کۆچبەر لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر رزگارکران کە لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر نێردراونەتەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا، هەروەها رێگری لە ٨٤ کۆچبەری دیکەش کرا کە دەیانویست بە رێگای نایاسایی لە تورکیا بچنە دەرەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان، تیمەکانیان لە بوونی ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناراوەکانی قەزای کارابورون ئاگادار کراونەتەوە، کاتێک تیمەکان گەیشتوەنەتە شوێنەکە توانیویانە ٣٧ کۆچبەر لەناو بەلەمێکی پلاستیکیدا رزگار بکەن کە لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر نێردراونەتەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا.
هەروەها لە کەناراوەکانی قەزای چەشمە ١٥٧ کۆچبەری دیکە رزگار کراون کە ئەوانیش هەر لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە نێردراونەتەوە تورکیا.
بەهەمان شێوە لە قەزای دیکیلی ٤٣ و لە قەزای فۆچا، ٨١ کۆچبەری دیکە رزگار کراون.
لە لایەکی دیکەشەوە هێزەکانی پاراستنی ئاسایشی کەناراوەکان لە قەزاکانی چەشمە و دیکیلی ٨٤ کۆچبەریان دەستگیر کرد کە دەیانویست بە رێگای نایاسایی لە تورکیا بچنە دەرەوە.
تەواوی کۆچبەرەکانیش کە ژمارەیان ٤٠٢ کۆچبەر بوو دوای کۆتاییهاتنی رێکارە یاساییەکان، رادەستی بەڕێوبەرایەتی کۆچی پارێزگای ئیزمیر کران.