Abdullah Shukur
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2017
ئیستانبوڵ - AA
خۆپیشاندانێکی گەورە بە دەستپێشخەری پارتی سەعادەت-ی تورکیا و بەشداری چەندین رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاڵپشتی لە قودس ئەنجام دەدرێت.
خۆپیشاندانەکە لە گۆڕەپانی یەنیکاپی شاری ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێت و ئێستاش چوونەژوورەوەی ھاووڵاتیان بەرەو ئەو گۆرًەپانە بەردەوامە.
لە ھەر خاڵێکی ئەو گۆرڕەپانە، ئاڵای تورکیا و فەڵەستین بەسەر ھاووڵاتیان دابەش دەکرێت و بەمەبەستی چاودێریکردنی چالاکییەکان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە چەندین سکرینی گەورە لە گۆڕەپانەکە دانراوە.
لە پاڵ ئەمەش بەمەبەستی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان، چەندین توالێتی گەڕۆک و شوێنی نوێژکردن و ئۆتۆمبێڵی فریاگوزاری و تیمەکانی تەندروستی لە گۆڕەپانەکەدا ھەن.
لە چەند شوێنێکی جیاوازی گۆڕەپانی یەنیکاپی، چەندین دروشمی دژ بە ئیسرائیل وەک "ئیسرائیل لە خوێنی خۆت نقوم دەبیت" ھەڵوەسراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە وەرگیراون، سەرۆکی ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادورۆ وەک کەسایەتیەکی ھەستیار لە پرسی فەڵەستین داوەتی خۆپیشاندانەکە کراوە.
ھاوکات چەند دامەزراوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکو Memur-Sen، دەزگای خێرخوازی مرۆیی İHH و ASKON و دەزگای لاوانی نەتەوەیی و دەزگای لاوانی ئانادۆڵو و چەندین دەزگا و رێکخراوی دیکە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکە راگەیاندووە.