İbrahim Khazen,Mahmut Geldi
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
ئیستانبوڵ - AA
ئیمارات تا ئێستا بە ٢٠٢ فڕۆکە، پێنج هەزار و ٧١٥ تۆن کەرەستەی هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا ناردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە، هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا بەردەوامە.
ئیمارات لە چوارچێوەی هەڵمەتی "سوارچاکی ئازا ٢"دا، بە گشتی بە ٢٠٢ فڕۆکەی بارهەڵگر پێنج هەزار و ٧١٥ تۆن هاوکاریی رەوانەی تورکیا و سووریا کردووە.
ئاماژە بەوە کراوە نەخۆشخانەی گەڕۆکیش کە لە غازی عەنتاب لە چوارچێوەی هەڵمەتی "سوارچاکی ئازا ٢" کرایەوە خزمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کردووە، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە تا ئێستا سێ هەزار و ٥٠٠ کەس لە نەخۆشخانەکەدا چارەسەرییان بۆ کراوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئیمارات رۆژی دووی ئادار بڵاو کردبووەوە، بە گشتی چوار هەزار و ٤١٣ تۆن خۆراک و پێداویستیی پزیشکی لە رێگەی ١٣٤ فڕۆکەی بارهەڵگرەوە گەیەندراوەتە سووریا.
هەڵمەتی "سوارچاکی ئازا ٢" لە حەوتی شوبات بۆ پشتیوانیکردن لە لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا دەستی پێ کرد.