Zeynep Rakipoğlu,Berk Özkan
24 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "لەوەتەی راگەیاندنی پرۆگرامەکە، ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٥:٠٠ ـەوە، بڕی لیرەی تورکی لە بانکەکاندا لەسەرووی ٢٣.٨ ملیار لیرە زیادیکردووە و بەردەوامیشە لە زیادبوون".
ئەردۆغان لە پرۆگرامی "تایبەت بە رۆژەڤ"ی پەخشی راستەوخۆی ھاوبەشی کەناڵەکانی A Haber ، ATV،A Para، ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژەڤ کرد.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەو پرسە گەرەنتیانە کرد کە ھاووڵاتییان خاوەنین و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ئێستادا ھاووڵاتییان خاوەنی دوو گەرەنتین، یەکەمیان بانکی ناوەندی کۆماری تورکیایە، دووەمیان گەنجینە. واتە ھاووڵاتییان ھیچ زیانێک ناکەن".
ئەردۆغان لەبارەی پاراستنی بەھای لیرەی تورکی و ئەو ئامرازانەی کە بۆ پاراستنی بەکارھێندراون گوتی: "ئەم ئامرازەی کە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی (دراو) پێشخستراوە، پێچەوانەی دەستوور نییە".
ئەردۆغان باسی لە سەقامگیرکردنی بەھای دراو کرد و گوتی: "ئینشائەڵڵا بە زووترین کات، سەقامگیریی لە پرسی بەھای دراو دێتەدی".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بە رێگریکردن لە زیادکردنی نرخ بە شێوەیەکی ناڕەوا کرد و گوتی: "بەھیچ شێوەیەک رێگە بە زیادکردنی نرخ بە شێوەیەکی ناڕەوا نادەین، رێگە بە دەرفەتخوازەکان نادەین، وەک دەوڵەت لەم بابەتەدا پێداگرین".
ئەردۆغان گوتیشی: "لە ئێستادا لە تورکیا، ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی و رۆڵەکانی، لیرەی تورکیان وەلاناوە و زیاتر دەیانەوێ خۆیان پەیوەست بکەن بە دۆلار و یۆرۆ".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی لێدوانی بەڕێلادەر لەبارەی پرسی دراو رایگەیاند "لەبارەی ئەوانەی ئەمەیان ئەنجامداوە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر. دامەزراوەی چاودێری و رێکخستنی کەرتی بانکی ھەنگاوی پێویستی لەبارەیانەوە ناوە".
ئەردۆغان لەبارەی پڕۆژە یاسای سزادانی قۆرخکاران و گرتنبەری رێکاری پێویست لەمبارەیەوە، گوتی: لەگەڵ ئەمەدا قۆرخکاران سزای توند دەدرێن و رێکارەکانمان لەمبارەیەوە زیاتر دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە دابەزاندنی رێژەی بێکاری کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە لە رێژەی بێکاریدا، بۆ ژمارەی تاک خانەیی داببەزین".
لەبارەی بەرھەمھێنانی ڤاکسینی دروستکراوی تورکیا، ئەردۆغان گوتی: "دەزانم گرووپێک لە ھاووڵاتییانمان چاوەڕێی ڤاکسینی دەستکردنی خۆماڵی دەکەن. پێویستە ئەو ھاووڵاتییانە دوودڵی وەلابنێن و بە ئاسوودەییەوە خۆیان بکوتن".
ئەردۆغان لەبارەی کردنەوەی ناوەندێکی تەندروستیی کۆمەڵ رایگەیاند: "لە ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی ئەسانبۆغا، قۆناغی تەندەری پرۆژەی ناوەندی تەندروستیی لەسەر رووبەری ٥٠ ھەزار مەتردووجا، ھەفتەی داھاتوو تەواو دەبێت".