Muhammet Ali Kemal
03 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''هەروەک چۆن لەناو سوپادا ئەم رەوشت نزمانە بوونیان هەیە، لەبەرامبەر ئەمانەیشدا فەرماندەگەلێک، ئەفسەرگەلێک و سەربازگەلێکی بەکەرامەت و شەهامەتمان هەیە کە نیشتمانپەروەرن. دەمەوێت ئەم بابەتە بەم شێوەیە بزانرێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە کردنەوەی شوورای نائاسایی ئایینی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیا کرد کە لە ئوتێلی بیلکەنت دژی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) و لەژێر ناونیشانی ''هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لە رۆژی ١٥ی تەمووزدا و یەکێتیی، هاوپشتی و دیدگای داهاتوو لەبەرامبەر بە خراپ بەکارهێنانی ئاییندا'' بەرێوەچوو.
ئەردۆغان رایگەیاند ''هەریەک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) و پەکەکە ئامانجی ئێمەن. لە بینگۆل حەوت پۆلیسمان، پێش ئەوەش شەش سەربازمان لەلایەن پەکەکەوە شەهید کران. پێویستە سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەم بەرەنگارییە بەتەواوی خۆڕاگرییەوە درێژە پێبدەین. باوەڕم وایە کە خوشک و برایانی کورد هاوکاریی ئەم رێکخراوە ناکەن''.
هەروەها گوتی: ''ئێمە لەم وڵاتەدا بە تورک، کورد، عەرەب، لاز، چەرکەز، رۆمانی، بۆسنی و ئەلبانییەوە، هەموومان براین. بەڵام ئەوەی کە دەتوانێت ئەم برایەتییە بەشێوازێکی نموونەیی درێژە پێبدات کێیە؟ پێم وایە بە پلەی یەکەم کاری ریش سپییانی ناوچەکەیە و بەتایبەت گوتارخوێن و پێش نوێژەکان، ئەگەر بهاتایە و شەوی ١٥ی تەمووز لە منارەی مزگەوتەکانەوە ئەو سەڵایانە نەکرایە، ئەو کەشە مەعنەوییە کەم دەبوو. کە لە منارەکانەوە سەڵا کرا، لایەنی مەعنەوی کارەکەش بەهێز بوو''.
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند ''کەسانێک ئاماژە بەوە دەکەن کە فەتۆ و پەکەکە لێکچوون، بەڵام چ پەیوەندییەکی هەیە ئەمە؟ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە چەکێکی ئەوتۆی بەدەستەوە نییە بەڵام ئەم فەتۆیە، ئەم رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییە، ئەو فڕۆکەی ئێف- ١٦ و ئێف-چوار، تانک و تۆپ و هێلیکۆپتەرانەی بەدەستەوەیە کە بە پارەی باجی گەل کڕدراون و بۆمب و ئاگر بەسەر گەلدا دەبارێنێت. کاتێکیش کە پێویست بێت پێکەوەن. لەگەڵ پەیەدەش بەیەکەوەن. ئێمە ئەمەمان لە هەڵبژاردنەکاندا بینی. ئێمە ئەوانمان پێکەوە دەبینی لە بارەگای هەڵمەتی هەڵبژاردندا پێکەوە بوون. ئێمە ئەمانە دەناسین، دیار بوو لە چ کاتێکدا لەگەڵ کێدا هاوهەڵوێست دەبن''.