Rewa Mahmut Hasan
21 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2016
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کەناڵی سی بی ئێس-دا رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا گرت لەمەڕ سووریا و هاوکات نیگەرانی خۆیشی نیشان دا لەبەرامبەر رادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا چەندین جار لەسەر پرسی سووریا تێڕوانینی تورکیایان گەیاندۆتە ئیدارەی ئۆباما و جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەڵام ئەمریکا سەرکەوتوو نەبووە لە بەهەند وەرگرتنی ئەو کێشانەدا.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو وەک سەرکۆماری تورکیا بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە رووبەڕووی بێ ئومێدی بۆتەوە.
لەبارەی رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لەلایەن ئەمریکاوە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر ئەوان وەک تورکیا چەندین تۆمەتباریان رادەستی ئەمریکا کردۆتەوە هەربۆیە چاوەڕێی هەمان شت دەکەن لەبەرامبەر ئەمریکادا.
لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەدا دەربارەی ئەوەی ئایا گومان دەکەن ئەمریکا لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە بێت، ئەردۆغان گوتی: "ئێمە ناڵێین ئەم کردوویەتی و ئەو کردوویەتی هەرگیز، بەڵام میللەت ئەو قسەیە دەکات. ئەو کابرایە چی دەکات لای ئێوە؟ تا ئەو کابرایە لای خۆت گل دەیتەوە ببورن میللەتی تورک تێڕوانینی بەرامبەرت وا دەبێت.
لەبارەی پرسی یارمەتی ئەمریکا بۆ یەپەگە و پێدانی چەک بەو رێکخراوە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ناکرێت تۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی بپارێزیت و پشتگیری لێبکەیت، لەبەرئەوەی لەگەڵ داعش دەجەنگێت. ناکرێت جیاوازی باش و خراپ لەنێوان گرووپە تیرۆریستیەکاندا بکەیت.
لەوەڵامی پرسیارێکی تری پێشکەشکارەکە دەربارەی ئەگەری چاوخشاندنەوەی تورکیا بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکا، ئەردۆغان گوتی:
"ئێمە هیچ هەنگاوێکی لەوبارەیەوەمان نەناوە، بەڵام نازانم هەڵوێستی ناتۆ چیە، لەم بارەیەوە تائێستا هیچ شتێکی نەرێنی نەهاتووە. لە ئێستادا پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ناتۆ لەچوارچێوەی پەیماننامەکەدا بەڕێوەدەبەین".
لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و ترەمپەوە، ئەردۆغان تیمی ترەمپی بە هاوپەیمانی تایبەتیی تورکیای ناوزەد کرد.