Muhammet Ali Kemal
29 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
ئیستانبوڵ
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە مانگرتنی پەرلەمانتارانی هەدەپە، رایگەیاند ''ئێمە هەرگیز بەو فێڵانە هەڵناخەڵەتێین، دەتوانن مان لە خۆرادن بگرن، دەتوانن شتی دیكەش ئەنجام بدەن. ئەمانە لە ئێستادا خزمەتكاری بۆ رێكخراوی تیرۆریستی دەكەن''.
ئەردۆغان لەدوای نوێژی هەینی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە مانگرتنی پەرلەمانتارانی هەدەپە، رایگەیاند ''ئێمە هەرگیز بەو فێڵانە هەڵناخەڵەتێین، دەتوانن مان لە خۆرادن بگرن، دەتوانن شتی دیكەش ئەنجام بدەن. ئەمانە لە ئێستادا خزمەتكاری بۆ رێكخراوی تیرۆریستی دەكەن. ئەمانە لە ئێستادا وەك داردەستی رێكخراوی تیرۆریستی كاردەكەن. كارەكە بە تەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە. ئەمانە لەپەرلەمان دانانیشن، بەردەوام لەو ناوچانەن كە پێكدادانی تێدایە، ئێستاش دەڵێن كە مان لە خواردن دەگرن. هەندێكیان مان لەخواردن دەگرن، هەندێكی دیكەیان هاوشێوەی هاوسەرۆكەكەیان لە پشوون زۆر خۆش كات بەسەر دەبەن. ئیتر ئێمە ئەمانە دەناسین. كامەیان چی دەكات روون نییە. پێویستە چیتر وەك میدیا بەم فێڵە هەڵنەخەڵەتێین. بەپێچەوانەوە دەبێت بەشێوەیەكی توند گەلەكەمان ئاگاداربكەنەوە. ئەو خەباتەی كە سەربازان و هێزە ئەمنییەكانی ئێمە دەیكەن لە راستیدا خەبات و بەرەنگاربوونەوەیە لەپێناو مانەوەدا. سازشكردنی ئێمە لەسەر ئەم خەباتە مەحاڵە''.
- ''بانگەشەكانی نەبوونی ئامبوڵانس هەمووی درۆیە''
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان (سەبارەت بەو بانگەشانەی كە ئامبوڵانس بۆ بریندارانی جیزرە نەنێردراوە) گوتی: ''هاوڕێیانی خۆشەویست، ئەمانە هەمووی درۆیە. جارێ لەوێ بەردەوام ئامبوڵانس هەیە، ئەمە دوێنێ لەلایەن وەزیرەكەشمانەوە روونكرایەوە. ژمارەی ئەو ئامبولانسانەی لەوێ بوون لەو كاتەدا كە وەزیر روونكردنەوەی دەدا، بریتی بوون لە پێنج بۆ شەش ئامبوڵانس. نەچوونی ئامبوڵانس بۆ ناوچەی ئارام جێگەی باس نییە. بریندارەكەت هەڵگرە و بیبە بۆ ئەو ناوچەیەی ئامبوڵانسی لێیە. لە خۆیانەوە قسە دەكەن. كاتێكیش ئەوە دەڵێن جێبەجێی ناكەن. وەك چۆن ئەنجامیان نەدا وەك دەزانن تەنانەت هەوڵیاندا لەناو پەرلەماندا بە تەلەفۆن كۆنفرانسێك ئەنجام بدەن. ئێستا ئەو رەهەندانە هەمووی ئایدۆلۆجین و بەو ئایدۆلۆجیە ئامبوڵانسەكان راپێچی ژێر ركێفی تەقەكان دەكەن و بەمەش شۆفێر، پزیشك و یاریدەدەرەكانی پزیشك رووبەڕووی مەرگ دەكرێنەوە. وەك دەزانن پێشتر شتی هاوشێوە كراوە''.
- ''سەرەتا پێویستە لەیلا زانا سوێند بخوات''
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان(سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ لەیلا زانا) گوتی: ''با سەرەتا ئەوە بڵێم كە پێویستە پێش هەموو شتێك سوێندەكەی بخوات. ئەگەر بێت و لە پەرلەمان سوێند نەخوات ئەوا كۆبوونەوەیەكی لەوجۆرە تەنانەت نابێتە جێگەی باسیش. ئەمە جگە لەوەی لەماوەی رابردوودا -ئەو راوێژكارەی كە لەگەڵییەتی یان یاریدەدەركەی، نازانم- پەیوەندی بە سكرتێری تایبەتی ئێمەوە كردووە و هەندێك شتی پێ راگەیاندووە، ئەگەر بێت و ئەوان بیانەوێت كۆبوونەوەكە سەبارەت بەو بابەتانە بێت ئەوا هیچ پێوست ناكات تەنانەت بێن''.