ئیستەنبوڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ناساندنی (ماركەی توركی) ئەنجومەنی هەناردنكارانی توركیا، باسی لە هەڵوێستی توركیا كرد لەبەرامبەر پشتگیری و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە هەموو سەردەمەكاندا.
هەروەها ئەردۆغان گوتی:
"تیرۆر تەنیا لەوڵاتانی دراوسێماندا نییە، بەڵكو لەناو خۆشماندا هەیە، تیرۆر ماوەیەكی زۆر بووە كۆتێك بوو و لەقاچی ئابوری توركیا گیر ببوو، بەڵام ئێمە قۆناغی چارەسەریمان دەست پێكرد و بە ئارامیەوە پارێزگاریمان لە قۆناغەكە كرد تا وردە وردە ئێستا بەڕادەیەكی باش رزگارمان بووە لەدەستی. دیسان ئێمە ئارامین سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی دۆخەكە دەدران، ئێمە بەشێوەیەكی هەستیارەوە سورین لەسەر بەئەنجام گەیاندنی قۆناغەكە، ئینشەڵا بەتەواوی لەو كۆتو بەندە رزگارمان دەبێت و هەموولایەك دەگەیەنین بە خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی و ئابوری."
هاوكات ئەردۆغان گوتی: "سەیركەن ئێمە ئێستا رووبەڕووی شەپۆڵێكی كۆچ بووینەتەوە، لەماوەی هەفتەیەكدا ١٥٠ هەزار برای كوردمان هاتوونەتە سنوورەكان، خۆدەبێت وەریان بگرین، ئەو لێقەوماوانەمان وەرگرت و ئێستا میوانن لامان ، تا بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە جێگیر دەبێت ئەوانە میوانی ئێمەن، هەمان شتمان لە ساڵی ١٩٩١ دا ئەنجامدا لەبەرامبەر كۆچی كوردان ، ئەوكات خوالێخۆشبوو تورگوت ئۆزال میوانداری یەك ملیۆن لە برا كوردەكانمانی كرد، لەبڕی ئەوەی رێز لەم هەڵوێستە بگیرێت، لەبڕی ئەوەی بكرێتە بابەتی ئاخاوتنی نێوان براكان، بە سیاسی كردنی ئەم پرسە و بەكارهێنانی جۆرێكە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و نەناسینی خودی خۆت. لەكاتێكدا سەربازی تورك هەوڵی زۆر دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئەو لێقەوماوانەی هاتوونەتە سەر سنوور، كەچی كەسانێك دەچن بەرد دەگرنە سەربازانمان ، كە بەڕاستی ئەمە جۆرێكە لە بێشەرمی."
لەبەشێكی تری گوتەكانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە كردنەوەی سنووری توركیا بەڕووی كوردە لێقەوماوەكانی سوریادا هەنگاوێكی گرنگی قۆناغی چارەسەرییە هەروەك ئاشكراشی كرد كە هەندێك لایەن هەن لەوە نیگەرانن و رایگەیاند : كەسانێك هەن بەدوای ئاژاوەو لەخشتەبردنەوەن، بەڵام با كەس دڵی خۆش نەبێت، ناتوانن زیان بەقۆناغی چارەسەری بگەیەنن، براكوردەكانی ناوەوە و دەرەوەی توركیاش دەتوانن ئەو دەستانە جیا بكەنەوە لەیەك، كە بەرد دەهاوێژن، لەگەڵ ئەوانەی كە ئاو و خۆراك دەدەن.
لەو بڕوایەدام كە ئەم رووداوانەی دوایی، وادەكات كە برایانمان لەناوەوە و لەدەرەوە رووی تازەی توركیا ببینن كە بە دڵسۆزی و میهرەبانیەوە كاردەكەن.